وەزارەتی دارایی راگەیاندنێکی لەبارەی مووچەوە بڵاوکردەوە


وەزارەتی دارایی هەرێم ئەمشەو ٢٦ ی ئەیلول بڵاویکردەوە کە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ گەیشتنی پارەی تەواوکاری مووچەی مانگی ئاب دەستبەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکەن.

لەو راگەیاندنەدا هاتووە " بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچەی مانگی ئاب دروست بووە کە بڕەکەی ( ٢٤٣،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) دوو سەد و چل و سێ ملیار دینارە، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی بڕیاری داوە بە خەرجکردنی ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون ، هەروەک بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ گەیشتنی گوژمەی تەواوکاری لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێتەوە".

دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی:
 
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری سەردانی بەغدادی پایتەختیان کرد و لەگەڵ فەرمانگەی ژمێریاری و بوودجەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، لەبارەی چەند تەوەرێکی تایبەت بەکێشەکانی لیستی مووچە و ڕاگرتنی تەمویلی مووچە، لەسەر چەند خاڵێک گەیشتنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن کە گرنگترینیان ئەمانەن:      
                
1- شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاب و ئەیلولیان بەبێ کەموکوڕی و بەو شێوازە پێشکەش کرد کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دواین جار داوای کردبوو. 
                                                      
2- بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچەی مانگی ئاب دروست بووە کە بڕەکەی ( ٢٤٣،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) دوو سەد و چل و سێ ملیار دینارە، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی بڕیاری داوە بە خەرجکردنی ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون ، هەروەک بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ گەیشتنی گوژمەی تەواوکاری لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێتەوە.
 
3- چاوەڕوانین لە نزیکترین کاتدا دەست بەناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستادا وردبینی لە لیستەکاندا دەستی پێکردووە.
                                                                                                  
4- کێشەکانی تایبەت بە دووبارە بوونەوەی کۆدی بایۆمەتری و ناوی دووبارە بەشی زۆری چارەسەر کرا کەهەمووی کێشەی هونەری بوون، وە هەموو ئەو فەرمانبەرانەی ناوەکانیان لەیەک چووە  یان کۆدیان دووبارە بووە ، وردبینی و بەدواداچوونیان بۆ کراوە و چارەسەرکراون، بۆ ئەوانەشی کە تا ئێستا بایۆمەتریان نییە، تا (٢٠٢٤/١٢/٣١) مۆڵەتیان پێدراوە بۆ خۆتۆمارکردن.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان
26-9-2024
 
 




PM:09:11:26/09/2024