پێشێلکارییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە هەڵکشاندایە..هێزێک دەچنە سەر هونەرمەندێکی میللی


هونەرمەندێکی میللی رایدەگەیەنێت، هێزێکی ئەمنی بە شەو چوونەتە سەری و لەناو خێزانەکەیدا دەستگیریان کردووە.

هونەرمەندی سەردار کەرکوکی کە هونەرمەندێکی میللی دەڤەری کۆیە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایدەگەیەنێت" لەبەر ئەوەی باسی سەرکردەیەکم کردووە لە بەرنامەی لایڤی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانداو وتوومە؛ خۆشمدەوێت و پشتی هەژارە، هێزێکی ئاسایشی کۆیە هاتوون و لەناو خێزانەکەمدا دەستگیریان کردووم".

ئەو هونەرمەندە ئاماژە بەوە دەکات، کە دوای بۆی دەردەکەوێت کەو ئەو هێزە پێشمەرگەکانی هێزەکانی ٧٠ بووە.

دوای ماوەیەک ئەو هونەرمەندە میللیە ئازاد کراوە.

سەردار کەرکوکی هونەرمەندێکی میللی دەڤەری کۆیەیە، پێشتر یەکێتی بووە، پێدەچێت ئێستا لایەنگری پارتی بێت.

دوێنێش چوار شەممە لە ناو بازاڕی هەولێر لە نزیک قەڵا ئۆتۆمبیلی شاڵاو کۆسرەت سەرۆکی لیستی یەکێتی لەو پارێزگایە کە چوو بووە ناو خەڵکەوە بۆ پروپاگەندەی هەڵبژاردن، لەلایەن هەوادارانی پارتیەوە بەر بەرد دراو جامی ئۆتۆمبیلەکەی شکێنرا.

هاوکات لە چەندان شوێنێ جیاجیای هەرێمی کوردستان هەر لە ئێستاوە کە دوو رۆژە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە لایەنگرانی حزبەکان وێنەو لافیتەی یەکتر دەدڕێنن.




PM:09:57:26/09/2024