بەکارهێنانی مزگەوت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەیە


سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند"  بەکارهێنانی مزگەوت و پەرستگە ئاینییەکان و دەقەکانی قورئانی پیرۆز لە بانگەشەی هەڵبژاردن بە هەموو جۆرێک قەدەغەیە".
 
د. عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاندووە " مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان موڵکی هەموو هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانن بەبێ جیاوازی و بەکارهێنانیان لە بانگەشەی هەڵبژاردن رێگەپێنەدراو و قەدەغەیە".

 " بەکارهێنانی دەقەکانی قورئانی پیرۆز بەمەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن بەهەمان شێوە قەدەخەیە و هەر بەربژێر و لایەنێکی سیاسیی دەقەکانی قورئان و دەقە ئاینییەکانی دیکە بە مەبەستی سیاسیی بەکاربهێنێت وەکو یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر هەم لەرێگەی دادگە و هەمیش لە رێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.( د. عەبدوڵڵا وەیسی وا دەڵێت ).

بڕیارە ٢٠ی مانگی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت؛ کۆی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان (٩٥) کورسییە و پێنجیش بۆ کۆتاکانە، هەرێمی کوردستانیش چوار بازنەی هەڵبژاردنە، لەبەرئەوە کورسییەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشکراون: بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر: ٣٢ کورسی ، بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی: ٣٦ کورسی، بازنەی هەڵبژاردنی دهۆک: ٢٤ کورسی،  بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجە٣ کورسی. 





AM:09:54:27/09/2024