لە نوێترین لێدوانیدا بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق ڕایگەیاند" وڵاتەکەی بەرگەی هەڵخلیسکاندن ناگرێت بۆ ناو جەنگ، لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خێرایی رادەکێشرێتە ناو سەرگەردانییەوە".
لێدوانەکانی ساڵح لە میانی دانیشتنێکی گفتوگۆدا بوو کە لەلایەن رۆژنامەی "ئەشرق ئەلئەوسەت”ەوە ڕێکخرابوو.
سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق ڕاشیگەیاند " لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بڕیاردەران و سیاسییەکان لە بەغدا و واشنتۆن ئەنجامداوە و تیشکیان خستۆتە سەر قەیرانی فەلەستین و لوبنان. ڕوونیشی کردەوە، سەرەڕای مەترسییە نزیکەکانی ململانێکان، گەشبینە بەو شتەی کە بە هەوڵی هاوبەش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدرێت".
ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد، "چەند لایەنێک پاڵ بە پەرەسەندنەوە دەنێت"، بەڵام سەبارەت بە دۆخی عێراق، گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە "بڕیاری شەڕ تەنها لە دەستی دەوڵەتدایە؛ "وە هیچی تر." جەختیشی لەوە کردەوە کە شەڕی فەلەستین و لوبنان پێی ناوەتە "قۆناغێکی مەترسیدار"، ئاماژەی بەوەدا کە "هەوڵی جددی لە هەموو جیهاندا دەدرێت بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتە کارەساتبارەکانی شەڕ لە ناوچەکەدا".
بە ئەندازەیەکی زۆر سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق پێیوایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە و پەرەسەندنی ئێستاش "ڕووخسارێکی نوێی" پێبەخشیوە. ساڵح دەڵێت" ئێمە لەبەردەم کارەساتێکی گەورەداین. قەبارەی ئەو وێرانکارییەی لە غەززەمان بینی، ئێستا فراوانتر دەبێت و لوبنانیش دەگرێتەوە”.