جڤاتی نیشتیمانی گۆران: رێکخەری گشتی بە وەکالەت دانانرێت

زۆرینەی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردراوی گۆڕان رایدەگەیەنن" رێکخەری گشتی بە وەکالەت دانانرێت، دەمانەوێت بە هەڵبژاردن رێکخەری گشتی دابنرێت". 

زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویانكردەوە" زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو و شەرعی بزوتنەوەی گۆڕان لە باژێروانەکان، رەوەندی کوردی و نوێنەری ئافرەتان وەک بەرەی دەستور رێگری لە پیلان و موئامەرە دەکەین، رەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەمیشە کاری بۆ دەوڵەتی قانون کردوە، بزوتنەوەی گۆڕانی وەک هێزێکی سیاسی و مەدەنی پشت ئەستور بە شەرعیەتی دیموکراتی و هەڵبژاردن وەک بنەمای رەوایەتی دامەزراندوە و دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانی بە پەنجە و قەڵەمی خۆی داناوە".

دەشڵێن" لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا رێکخەری گشتی بە وەکالەت دانانرێت، ئێمە دەمانەوێ بە هەڵبژاردن رێکخەری گشتی دابنرێ، ئەوان دەیانەوێ بە کودەتا و وەکالەت دابنرێت، ئەوەش لە دنیادا نمونەی نیە". 

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ چیا و نما نەوشیروان مستەفا، سەبارەت بە گرژییەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند" لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی هەڵبژێردراوی جڤاتی نیشتیمانی وەک بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردان لە بزوتنەوەی گۆڕانداو بۆ بەرگرتن لە دروستبونی هەرگرژیەک لە نزیک ئارامگای باوکمانەوە، پێمانباشە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گردی زەرگەتە دەوامی تێدا نەبێت هەتا باردودۆخەکە هێور دەبێتەوە".

دەشڵێن" ئێمە لەم دۆخە دژوارەدا شان ئەدەینە بەر بەرپرسیارێتی و ئەمەمان پێ باشترە، نەوەکو بەیانی ڕوداوێکی نەخوازراو ڕوبدات لە دەرەنجامی ناکۆکی ئەم برادەرانە".

دەقی راگەیەندراوەکە: 
 
هاونیشتیمانیانی بەڕێز
سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان
پارێزگاری سلێمانی
دامودەزگا ئەمنیەکان
هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کوردستان و رەوەندی کوردی
 
 
ئێمە زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو و شەرعی بزوتنەوەی گۆڕان لە باژێروانەکان، رەوەندی کوردی و نوێنەری ئافرەتان وەک بەرەی دەستور رێگری لە پیلان و موئامەرە ئەکەین. رەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەمیشە کاری بۆ دەوڵەتی قانون کردووە. بزوتنەوەی گۆڕانی وەک هێزێکی سیاسی و مەدەنی پشت ئەستور بە شەرعیەتی دیموکراتی و هەڵبژاردن وەک بنەمای رەوایەتی دامەزراندووە. دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانی بە پەنجە و قەڵەمی خۆی داناوە.
 
لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا رێکخەری گشتی بە وەکالەت دانانرێت. ئێمە دەمانەوێ بە هەڵبژاردن رێکخەری گشتی دابنرێ. ئەوان ئەیانەوێ بە کودەتا و وەکالەت دابنرێ. ئەمەش لە دنیادا نموونەی نیە!
 
رێکخەری گشتی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان کەسێکە جێگەی رێزە و پێش (٣) ساڵ لە ١٣ی ١٠ی ٢٠٢١ لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا دەستیان لەکاركێشایەوە و راگەیەندراوی رەسمیان بڵاو کردەوە. لە هەمان کۆبونەوەدا جڤاتی نیشتیمانی لە راگەیەندراوی فەرمیدا پێشوازی و دەستخۆشیان لێکرا و دەستلەکارکێشانەوەیان قبوڵ کرا. لەسەر ئەو بنەما دەستورییە ئەو وەکالەتە نادەستوری و ناقانونیە.
 
رەوانشاد نەوشیروان مستەفا کاتێک رێکخەری گشتی بو وەکالەتی تایبەتی بۆ کاروباری کۆمسیۆن کردەوە. نەک کەسێک بە وەکالەت بکات بە رێکخەری گشتی! بەکارهێنانی هەر بەراوردکارییە بۆ چەواشەکاری و داپۆشینی فەزاحەتێکی گەورەیە.
 
ئەوەی تاقمێک کەس پێی هەستاون و بە نیازن بە موئامەرە و لە ژێر ناوی کۆبونەوەی رێزلێنان و دەستبەکاربوون  ئەنجامی بدەن بە هەموو شێوەیەک رێی لێ ئەگرین. نیازی پشت ئەو کارە لە ناوبردنی بزوتنەوەی گۆڕانە. بەرپرسیارێتی تاریخی، قانونی و سیاسی ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو پیلانگێڕانە.
 
ئەوان لە کۆبونەوە تایبەتیەکان و لە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ ئێمەدا بە ئاشکرا ئەڵێن شەڕ و ئاژاوە دروست ئەکەن و ئینشیقاق ئەکەن. بێباکن لە ئەنجامدانی تاوان.
 
لەبەرئەوە زۆرینەی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێراو بڕیارماندا مەکۆی سەرەکی (گردی زەرگەتە) تا کاتێکی نادیار دابخرێت بۆ رێگری لە ئاژاوە و لە پێناو سەلامەتی هەموواندا. ئەوان بێباکن لە هەموو کارێکی خراپ.
 
ئەرکی دامەزراوە رەسمیە حکومیەکان و پارێزگار و دەزگا ئەمنیەکانەوە هێمنی و ئاسایش بپارێزن.
 
زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی هەڵبژێردراو
٢٧ی ٩ی ٢٠٢٤



PM:05:04:27/09/2024