لاهور جەنگی: کۆتایی بە داگیرکردنی زەوی و زاری سلێمانی بهێنن

ئەمڕۆ هەردوو تیمی گۆیژە بپارێزە و دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی کە لە كۆمەڵێك چالاكوانی مەدەنی و رۆژنامەنوس پێكهاتوون، سەبارەت بە پرسی ژینگە و پێشێلکارییە ژینگەییەکان لە شاری سلێمانی، سەردانی لاهور جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل-یان کرد. 

شوان محەمەد ئەندامی تیمی گۆیژە بپارێزەر و دەستەی داکۆکیکردن لە موڵک و سروشتی سلێمانی، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند" لەو کۆبوونەوەیەدا وەفدەکە لەسەر چەند سەرپێچیەک وەستا کە لە کۆن و نوێدا کراوەتە سەر سروشت و موڵکی سلێمانی لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەو قۆناغەشەوە کە سەردەمی هاوسەرۆکی بووە لە یەکێتیدا لاهور شێخ جەنگیش لە پۆستدا بووە، هەروەها لەسەر پرسی سەرپێچیکردن لەسەر چیای گۆیژە و سەیرانگای سەرچنار و موڵکەکانی پەروەردە و موڵکەکانی تر وەستا کە لە ساڵی ٢٠٢٣ و ساڵی ٢٠٢٤دا ئەنجام دراوە". 

وتیشی" هەڵوێستی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی قەوارەی بەرەی گەل لە کۆبوونەوەکەدا راشکاوانە بوو، ئاماژەی بەوە کرد کە تەحەمولی سەردەمی هاوسەرۆکی خۆی لە بەردەم یاسادا دەکات لەسەر ئەو سەرپێچیانەی کراوە". 

هەروەها لای خۆشیەوە لاهور جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل، وتی" لە دوای ڕووداوەکانی هەشتی تەموز تاڵانکاری زۆر کراوە و گردەکانیشیان نەهێشت".

سەرۆکی بەرەی گەل وتیشی" ئەگەر یەک مەتر زەویم بەناوە بێت ئامادەم بچمە بەردەم دادگا". 

دەشڵێت" وەکو بەرەی گەل کە ژینگە بەشێکە لە کارنامەمان، پشتگیری تەواو لە دەستەی داکۆکی لە سروشت و موڵکی سلێمانی دەکەین و هەر ئەرکێک بە ئێمە بسپێرن پشتگیریان دەکەین و دژی هەموو ئەو پێشێلکاریانە دەوەستینەوە کە بەرامبەر موڵک و ماڵی سلێمانی بەگشتی دەکرێت".

لاهور جەنگی سەبارەت بە دروشمی (کۆتایی پێ دەهێنین) وتی" هیوادارم کۆتایی بە داگیرکردنی زەوی و زاری سلێمانی بهێنن کە ئەوە یەکەم داواکاری منە و یەکێتی خۆی بە بەرپرسی سلێمانی دەزانێت، بیوەستێنن ئەو کارەی دەیکەین، چونکە گۆڕانگاری سیاسی بەڕێوەیە و کەسی لێدەرناچێت". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی تیمی گۆیژە بپارێزە بەمشێوەیەیە:

لە چوارچێوەی ئەو سەردانانەدا کە تیمی گۆیژە بپارێزەرو دەستەی داکۆیکردن لە موڵک و سروشتی سلێمانی کە لە بەرنامەیدایە بۆ لای سەرکردەی حزبەکان ئەنجامی بدات، دوانیوەڕۆی یەک شەممە ٢٩ ی ئەیلولی ٢٠٢٤ سەردانی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی قەوارەی بەرەی گەلی کرد، وەفدەکە پێکهاتبوون: لە مامۆستایان ئاکۆ محەمەد مەحمود، ئومێد محەمەد ساڵح، کارزان فازل، شوان محەمەد..

لەو کۆبوونەوەیەدا وەفدەکە لەسەر چەند سەرپێچیەک وەستا کە لە کۆن و نوێدا کراوەتە سەر سروشت و موڵکی سلێمانی لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەو قۆناغەشەوە کە سەردەمی هاوسەرۆکی بووە لە یەکێتیدا لاهور شێخ جەنگیش لە پۆستدا بووە، هەروەها لەسەر پرسی سەرپێچیکردن لەسەر چیای گۆیژەو سەیرانگای سەرچنار و موڵکەکانی پەروەردەو موڵکەکانی تر وەستا کە لە ساڵی ٢٠٢٣ و ساڵی ٢٠٢٤دا ئەنجام دراوە.

هەڵوێستی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی قەوارەی بەرەی گەل لە کۆبوونەوەکەدا راشکاوانە بوو، ئاماژەی بەوە کرد کە تەحەمولی سەردەمی هاوسەرۆکی خۆی لە بەردەم یاسادا دەکات لەسەر ئەو سەرپێچیانەی کراوە.

لە بارەی داواکارییەکانی هەردوو دەستەکەی ژینگەشەوە کە لەخوارەوە هاتووە، هەڵوێستی پۆزەتیف بوو، وەک خۆی لە کۆنگرە رۆژنامەگەریەکەشدا ئاماژەی بۆ دەکات..

بۆ بەڕێز : لاهور شێخ جەنگی 
سەرۆکی قەوارەی بەرەی گەل
    ..........................................................
بە شێوەیەکی گشتی دۆخی ژینگەی عێراق و لە نێویشیدا کوردستان دۆخێکی باش نییەو رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات، بەپێی ئاماری رێکخراوی جیهانی خۆراک ( (WFP لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ بۆ ٢٠١٥ بە نزیکی لە ٥٠% ی دراستان و ناوچەی سەوزایەکانی کوردستانی عێراق لە ناوچوون کە رووپێوی زەویەکە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار هێکتارە کە دەکاتە (٢.٥ ملیۆن دۆنم) لە دارستانەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەم دۆخە خراپەی ژینگەی کوردستان بە کارەساتێکی گەورە لەسەر ئاستی عێراقیش دادەنرێت، چونکە کوردستانی عێراق زیاتر لە٩٠%ی دارستانەکانی عێراق پێکدەهێنێت، لە کاتێکداعێراق خۆی بەهۆی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەواوە دەناڵێنێت و یەکێکە لە ریزبەندی پێشەوەی ئەو وڵاتانەی هەڕەشەی بەبیابانبوونی لەسەرە.

جگە لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، چەندین هۆکاری دی لە پشت ئەو کارەساتەوەن، لەوانە چالاکییە مرۆییەکان: وەک ئاوەدانکردنەوەی بێ سەروبەری شارەکان و کەمکردنەوەی سەوزایی چواردەوری شارەکان و بڕینەوەی دارەکان و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانەکانی تورکیاشیەکێکە لە هۆکارەکانی تر.

کەمبوونەوەی ناوچەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان و بە تەواوی تێکچوونی ژینگەکەی، ئاڵنگارییەکی هێندە گەورەیە کە هیچی کەمتر نییە لە ئەڵنگارییە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان کە رووبەڕووی هەرێم بوونەتەوە، بەڵام جێگای داخە حوکمڕانانی کوردستان هیچ دووربینی و بەرنامەیەکیان نییە بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەم دۆخە مەترسیدارە کە ئەگەر هەنگاو بە ئاراستەی چارەسەرکردندا نەنێن، لە ئایندەدا چەندان ئاکامی مەترسیدارتری لێدەکەوێتەوە وەک کۆچ و جەنگ و مەترسی برسێتی کە هەڕەشەی جدی دروستدەکەن لەسەر نەتەوەکەمان بەتایبەتی لەسەر ئاستی دیموگرافی، وەک نەتەوەیەکی خاوەن نیشتمان کە بە دەیان هەزار ساڵە وەک گەلێکی رەسەن لەم ناوچەیەدا دەژی.

ئەوەی تایبەتیشە بە پارێزگای سلێمانی ژینگەو کەلتوری ئەم پارێزگایە، لە چەندان شوێن و بەشێوازی جیاواز رووبەڕووی هەڕەشەی جدی بۆتەوە، گەورەترین هەڕەشەش لەلایەن کۆمپانیا وەبەرهەمهێنەکان و کۆمپانیا حزبییەکان کە لەژێژ چەتری ئەم دەسەڵاتە دەپارێزرێن و هەمیشە وەک " دوانەیەکی تەواوکەرییەکتری " دەردەکەون.

ئەم ئاوێتەیە لە کۆمپانیاو دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسن لە شێواندنی سروشت و ژینگەی شارەکە، دەمانەوێت بە راشکاوانە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە لەم شارەدا کارێکی جدی و هەمەلایەنە لە رێگای حکومەتی خۆجێیەوە کە خۆی لە شارەوانی و وەبەرههێنان و پلاندانانی شارەکەدا بە "موبارەکە"ی پارێزگاری سلێمانی و لەژێرڕێنوماییحکومەتدا دەکرێت، ئامانجیش لەم هێرشە وەشاندنی گورزێکی کوشندەیە لە سروشتی چیای گۆیژەو ئەزمەڕ و تێکدانی ژینگەی پارێزگاکە بە شێوەیەکی گشتی.

شێواندنی ژینگەی چیای گۆیژە و ئەزمەڕ و سەرچاوە ئاوییەکانی سلێمانی بۆ هاونیشتمانیانی بە تەنها پرسێکی ژینگەیی نییە، بەڵکو پرسێکی کەلتوریشە، هەرچی لەسەر ئاستی ژینگەییە ئەو بیناسازییەی لە بناری چیاکەدا دەکرێت هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و کارێکی هەڕەمەکییەو لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی شارەکەدا نییە، لەسەر ئاستی کەلتوریش، گۆیژە بەشێکە لە کەلتوری شارەکەو ئەدیب و نوسەرو هونەرمەندەکانی، شێواندنی ئەم چیایە سڕینەوەی بەشێکی بەرچاوە لە داهێنانە ئەدەبی و هونەریەکانی شارەکە. 

لە سۆنگەی دڵسۆزیمانەوە بۆ ژینگەو کەلتوری پارێزگاکانی هەرێم بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی:

یەکەم: داوا لە بەڕێزتان دەکەین وەک لایەنێکیتازە کە سبەی بەشداریپەرلەمان و رەنگە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمیش بکەن، دەورتان هەبێت لەوەی هەرچ پرۆژەیە کە لە ئێستادا لە کاردان لە بناری گۆیژە رابگیرێت، هاوکات پەرژینێکی بە تەلبەند لە بەشی خواری بناری چیای گۆیژەوە دروستبکرێت، رێگاش نەدرێت لە ئێستاو ئایندەدا لەو ناوچەیەی کە بەپێی ماستەر پلانی سلێمانی " ناوچەی پارێزراو " ناوزەد کراون، هیچ کۆمپانیا و کەسێکی دەستڕۆشتوو سەرپێچی بکات و یەکەی نیشتەجێبوون،یان هەر پرۆژەیەکی تری وەبەرهێنان و خانوویتێدا  دروستبکات، بەڵکو ئەم ناوچە سروشتیانە وەک موڵکێکی گشتی تەماشابکرێت و هەر پرۆژەیەک گەر گەشتیاریش بێت لە ئایندەدا تیایدا ئەنجامبدرێت، لەبەر رۆشنانیی پلانێکی زانستی کە نەخشەو رەنگڕێژی لەلایەن ناوەندەکانی زانکۆکانی کوردستان و پسپۆرانی ئەو بوارەوە بۆ بکێشرێت، نەک وەک ئێستا تەنها وەک کەرەسەیەک بۆ قەبەکردنی سەرمایەی کۆمپانیاکان و حزبە دەسەڵاتدارەکان تەماشای بکرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە دەرئەنجامی تێکدانی ژینگەی سروشتی چیای گۆیژە، دەبێتەهۆی گەرمبوونی شار و کەمبوونەوەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی سلێمانی و،  پیسبوونی ھەوای شار و کەمبوونەوەی سەوزایی. هاوکات لە وەرزی زستان و بەهاریشدا ئەگەری زۆرە لە بە کۆنکرێتکردنی دامێنی چیای گۆیژە ببێتە مایەی دروستبوونی لافاو، چونکە خاک و خۆڵی چیاکە  ھۆکارن بۆ ھەڵمژینی رێژەی زۆری ئاوی باراناو.

دووەم: ئێمە لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانداین داوا دەکەین لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا گرنگی زۆر بدرێت بە پرسی ژینگەو ئەو مەترسیانەی لەسەر ژینگەی کوردستان هەیە، بۆ ئەوەی ئەم هەڵمەتی هەڵبژاردنە بکەینە دەرفەتێک و کەمپینێک بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بەرامبەر پرسی ژینگەو چۆنێتی گرنگی پێدان و پاراستنی، چونکە بەبۆچوونی ئێمە پرسی ژینگە پرسێکی سەرجەم کۆمەڵگایە بە هاوڵاتی و رێکخراوەو دامەزراوەکانیەوە تا دەسەڵاتی سیاسی حوکمڕان.

سێهەم: وەک لایەنێکی بەرپرسکە ئەگەری بەشداریکردنتان هەیە لە پەرلەمان و لە کابینەینوێی حکومەت لە هەرێمدا، داوا دەکەین لەئایندەدا کەیاسای ژینگەی ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٨ تایبەت بە پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان – عێراق، ببێتەیەکێک لە خاڵە لە پێشینەکانی هەر بەشدارییەکتان لە کابینەینوێی حکومەتی هەرێم و کاری جدی بکەن بۆ جێبەجێکردن و دابیکردنی سەرجەم پێداویستیی و میکانیزمەکانی ئەویاسایە، لەسەر ئاستی پەرلەمانیش بەدواداچوون بۆ پرسی ژینگە بکرێتە پرسێکی بەردەوام.

تێبینی:

بۆ هەر تەوەرێک لەم تەوەرانە هەردوو دەستەکەمان کەسانی پسپۆری ئەو بوارەی هەیەو دەتوانن لە کۆبوونەوەی تایبەتدا زانیاری وردترتان بخەنە بەردەست.

*دەستەی داکۆیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی
*دەستەی گۆیژە بپارێزە
٢٩ ی ئەیلولی ٢٠٢٤

ڤیدیۆی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە لەم لینکەوە ببینە



PM:05:00:29/09/2024