کەشێکی ناجێگیر بەڕێوەیە و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە

شارەزایەکی کەشناسی کەش و هەوای چەند رۆژی داهاتوو بڵاودەکاتەوە و جەخت لەوەدەکاتەوە کە کەشێکی ناجێگیر روو لە ناوچەکەمان دەکات و دەڵێت" پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و خێرایی با چالاک دەبێت و بارانبارین دەستپێدەکات و تەرزە و بارانی بەخوڕ ئەبارێت لەگەڵ ڕوودانی بروسکەی توند و ئەگەری دروستبوونی لافاویش لەھەندێ شوێندا".

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" لە ئەنجامی ھاتنی بارستەھەوایەکی سارد بۆ سەر ئاستە بەرزەکانی بەرگەھەوای ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان وە کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی کەنداوی عەرەبی و ھاتنی ھەوایەکی گەرم و شێدار لەباشوری رۆژھەڵاتەوە کە سەرچاوەکەی کەنداوی عەرەبیە و کۆبوونەوەی لەگەڵ بارستە ھەوا بەرز و ساردەکە بەسەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری سبەی سێشەمە لەکاتەکانی نێوان ئێوارە بۆ درەنگانی شەو کەش و ھەوا ناجێگیر ئەبێت ھەر لە دروستبوونی ھەورە بروسکەی زۆر بەھێز و بارینی نمە باران ".

ئەو شارەزای کەشناسی دەڵێت" سەرەتاش لەناوچەکانی گەرمیانەوە دەستپێدەکات پاشان حاڵەتەکە بەگوێرەی کات چالاکتر ئەبێت بۆ سەر ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاویەکانی باکور و باکوری رۆژھەڵاتی پارێزگاکە کە لەم ناوچانەدا ئەگەری بارانی مامناوەند و ھەندێ کاتیش تەرزە و بارانی بەخوڕ ئەبارێت لەگەڵ ڕوودانی بروسکەی توند و ئەگەری دروستبوونی لافاویش لەھەندێ شوێندا ".

" لەناوچەکانی پارێزگای ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش ئەگەری بارانی کەم بۆ مامناوەند و ھەورە بروسکەی بەھێز ئەبێت ، سەبارەت بە ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکانی دھۆک و ھەولێر و کەرکوک بەگشتی کەشەکە سەقامگیر ئەبێت وەک ئەمڕۆ و پێشبینی بارانبارین ناکرێت"( ئاراس جەبار وای وت) .

ئاراس جەبار راشیگەیاند" ماوەی خایاندنی ئەم ناجێگیریە کورت خایان ئەبێت بۆ چەند کاتژمێرێک لەنێوان ئێوارەی سبەی تا درەنگانی شەو دەخایەنێت و پاشان دۆخەکە ئاسایی ئەبێتەوە بۆ رۆژی چوارشەمە ئاسمان بە نیمچە ھەوری ئەمێنێتەوە لەگەڵ بوونی تۆز و خۆڵ و ناروونی ئاسمان بەڵام ئەگەری باران نابێت" .

دەشڵیت" بای باشور و باشوری رۆژھەڵات لەئێوارەی سبەیەوە تا کاتی کۆتای ھاتنی حاڵەتەکە ناوبەناو چالاک ئەبێت لە ناوچەکانی گەرمیان و ھەڵەبجە و سلێمانی بەخێرای ١٥کم تا ھەندێک کات بۆ زیاتر لە ٤٠کم لە کاتژمێرێکدا بۆیە ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵبارین ئەبێت" .

"سەبارەت بە ھەورە بروسکە بەگشتی پێویستە ئاگاداربن خۆتان لەشوێنی بەرز و نەگونجاو بپارێزن لەو ماوەیەدا کەڵەکە ھەوری کارەبایی بەھێز دروستەبێت بۆیە ھەورە بروسکەکان چر و چالاکترن بەراورد بە ھەر کاتێکی دیکە تا پارێزراوبن لەمەترسی بەرکەوتنتان بە بروسکەکان"( ئەو کەشناسە وای وت) .

ئاماژەی بۆئەوەش کرد پلەکانی گەرما سبەی بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٢ تا ٣ پلە بەرزدەبێتەوە و ھەست بەگەرمایەکی بێزارکەر دەکرێ بەھۆی ھاتنی ئەو شێ زۆرەی روودەکاتە ناوچەکە تا کاتی دابارین و دواتر پلەی گەرمی نزمەبێتەوە .




PM:03:18:30/09/2024