بنەماڵەی پرسەی کۆچکردوو تۆفیق حمدامین مەنتک كە ئەمڕۆ پرسەكەی لە مزگەوتی ڕەشاد موفتی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" هیچ پەیوەندییەکمان بەو کێشەیەی ئەمڕۆوە نییە".
بنەماڵەی کۆچکردوو تۆفیق حمدامین مەنتک، ئەمشەو دووشەممە لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویانکردەوە"
ئێمە وەکو بنەماڵەی کۆچکردوو (مامۆستا تۆفیق حمدامین مەنتک) هیچ پەیوەندیەکمان بەو کێشەیەی ئەمڕۆ نییە کە لە کاتی پرسەی باوکمان روویداوە".
دەشڵێن" باوکمان ماوەی نزیکەی دوو ساڵە تووشی نەخۆشی ببوو ئێمە دوو ساڵە خەمی دونیا لەسەر سەری ئێمە بوو بە کۆچی دوایی باوکمان کۆستەکەمان زۆر گەورە تر بوو".
هەروەها لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە" بەداخەوە نەمان توانی پرسەیەکی شایستەی ئەو باوکە میهرەبانەمان دابێنین بۆیە دووبارەی دەکەینەوە رووحی مامۆستای کۆچکردوو زیاتر ئەزیەت مەدەن، داوای لێبوردن لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە نەیان توانی بەژدار بن لە پرسەکە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ كاروان گهزنهیی، وتەبێژی لیستی ١٢٩ی یەکێتی، لەسەر ڕووداوەکەی هەولێر ڕایگەیاند" لە کاتی بەشداریکردنی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ لە پرسەی (تۆفیق حاجی حەمەکە) کە خانەوادەیەکی یەکێتین، کوڕێکی (قەهاری سابیر عەلکە) لەناو مزگەوت قسەی نەشیاو دەکات".
وتیشی" لە بەرامبەردا لە پای ڕێزگرتن لە حەرەمی مزگەوت و نەریتی کۆمەڵایەتی و ئایینی میللەت و خانەوادەی کۆچکردو، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ وەڵامی ناداتەوە، پاشان پاسەوانەکانی قەهار، لەکاتی جێهێشتنی مزگەوت لەلایەن شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، لە ناو مزگەوتەکەدا تەقە دەکەن".
لای خۆشییەوە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، له ڕونكردنهوهیهكدا وتی" دوای ئەوەی لە لایەن بنەماڵەی (قهاری سابیر علکە) پرسەیان هەبوە لە مزگەوتی (ڕەشاد مفتی) شاری هەولێر (شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ) بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختەی ئەو بنەماڵەیە سەردانی پرسەکەیانی کردوە، لەلایەن بنەماڵەی خاوەن پرسەکە پێیان گوتراوە کە پرسەکە بەجێبهڵێت و ڕەزامەند نەبون لەسەر سەردانەکەی، چونکە لە ڕابردو دوکەسی خاوەن پرسەکە بەدەستی بنەماڵەی شالاو شەهید کراون، بەم هۆیەوە دەبێتە دەمەقاڵەیان".
هەروەها ئاسایشی هەولێر ڕاشیگەیاند" پاسەوانەکانی شاڵاو بەبێ گوێدانە هیچ رێزێک بۆ حەرەمی مزگەوت و خاوەنی پرسەکە هێرشیان کردووەتەسەر خاوەنی پرسەکە و تەقەیەکی زۆریان کردووە، لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک بە گوللەی پاسەوانەکانی شاڵاو بریندار کراوە".