ئەمشەو لە قەزای ئاکرێ برایەک بە دەستڕێژی گولـلە کۆتایی بە ژیانی خوشکەکەی خۆی هێنا و زاواکەشی بریندارکرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی قەزای ئاکرێ، ئەمشەو دووشەممە لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" ئەمشەو لە گەڕەکی ڕۆناهی لە قەزای ئاکرێ، برایەک دەستڕێژی گوللـەی لە خوشکەکەی کرد و دەستەبجێ لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوە".
ئەوەشی خستەڕوو، هەر لە ڕووداوەکەدا زاواکەشی بریندار کراوە و لە ئێستادا بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی دهۆک کراوە.
سەرچاوەکەی پۆلیسی ئاکرێ ڕاشیگەیاندووە" ژنەکە ناوی (ع، ح، ب)ە و تەمەنی ٤٠ ساڵە کە لە ئێستادا تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە".
ئەوەشی خستەڕوو، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و تائێستاش گومانلێکراوی ڕووداوەکە دەستگیرنەکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهاتووە.
تائێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی هۆکاری سەرەکی رووداوەکە نەزانراوە.