شایستەی دارایی وانەبێژان دابەشدەکرێت

نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم ڕایدەگەیەنێت" هەفتەی داهاتوو مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دابەشدەکرێت". 

عەلی رەئوف نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ رایگەیاند" لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ دەکرێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شایستە داراییە بۆ مانگی حوزەیرانی ئەمساڵی مامۆستایانی وانەبێژە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ کرانە گرێبەست و بڕیارە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە مووچەکانیان بەشێوەی گرێبەست وەربگرن. 

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٣٥ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن کە مووچەی مانگانەیان لە نێوان ٢٥٠ هەزار بۆ ٤٠٠ هەزار دیناردایە.



PM:02:01:03/10/2024