وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا

سەرۆکى تیمى رۆژنامەوانی کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان ڕایدەگەیەنێت" ئەنجامی بەرایی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە بڵاودەکرێتەوە". 

عیماد جەمیل سەرۆکى تیمى رۆژنامەوانی کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ هەینی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە ڕۆژی ٢١ی تشرینی یەکەم ئەنجامی بەرایی دەنگدانى گشتى و تایبەت پێکەوە بڵاودەکرێنەوە". 

ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە سەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی عێراق، ٢ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٦١ كەس لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە كە ٢ ملیۆن و ٦٨٢ هەزار و ٩٤٢ دەنگدەری گشتین و ٢١٦ هەزار و ١١٩ دەنگدەری تایبەتن.

هەروەها كۆمسیۆن بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەزار و ٤٢٧ ناوەندی دەنگدان دەكاتەوە كە ٥٥٩ بنکەیان لە سنوری هەولێرە و ٥٣٢ بنکەشیان لە سلێمانییە و ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی دهۆکیش ٢٩٦ بنکەیە و لە سنوری بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجەش ٢٨ بنکە هەیە.

هاوکات ١٢ بنکەی دەنگدانی دیکەش لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، نەینەوا، ئەنبار، واسیت، بەغدادی کەرخ و رەسافەش بۆ دەنگدانی تایبەت دانراون.



PM:05:14:04/10/2024