بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لە چەند رۆژی داھاتوودا تەواوکاریی مووچەی مانگی ٩ـی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان خەرجدەکرێت.
مەسعود حەیدەر، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ هەینی ٤ی تشرینی یەکەم بە میدیاکانی رایگەیاند، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی عێراق، وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام دەبێت لە خەرجکردنی ئەو مووچانەی کە خەرجنەکراون و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان وەکو ھەموو فەرمانبەرانی تری عێراق دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەری ھەر تێبینیەک دەکەن کە لە مووچەدا ھەبێت تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤.
دەشڵێت: لە چەند رۆژی داھاتوودا تەواوکاریی مووچەی مانگی ٩ـی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان خەرجدەکرێت.
ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ٨ لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەگوێرەی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو رۆژی سێشەممە مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشدەکرێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی نۆ، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 2ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بڕی ٥٩٨ ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی نۆی فەرمەنبەران و خانەنشینانی شارستانی و فەرمانبەرانی گرێبەست خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.