"بەراورد بە ساڵی ڕابردوو حاڵەتەکانی تووشبون بە شێرپەنجە زیادیکردووە"

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ڕایدەگەیەنێت"  لە ماوەی ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک بە ڕێژەی ١٥% زیادیکردووە". 

دکتۆر یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ١٠ مانگی ئەمساڵدا ٤٧٩ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجە تۆمارکراوە کە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٦٤ حاڵەت زیادیکردووە، ئەمەش پێویستی چڕکردنەوەی هۆشیاری و هەڵمەتەکانی دەستنیشانکردنی پێشوەختە زیاتر دەکات". 

نەقیشبەندی وتیشی" چەندین هۆکار هەن کە بەشدارن لە زیادکردنی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، لەوانە بۆماوەی، نەبوونی منداڵ، زوو وازهێنان لە شیرپێدان، قەڵەوی، خۆراکی ناتەندروست". 

جەختیشی لەوە کردەوە کە هۆشیاری سەبارەت بە دۆزینەوەی پێشوەختە زۆر گرنگە، داوای لە خانمان کرد بە بەردەوامی پشکنینی خۆیان ئەنجام بدەن، گرنگیدان بە نیشانە سەرەتاییەکانی وەک بوونی گرێیەک لە مەمکدا، گۆڕانکاری لە شێوەی پێست، یان دەرکەوتنی دەردراوی نائاسایی.

سەبارەت بە ئەنجامی چارەسەریش، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دووپاتیکردەوە کە ڕێژەی چاکبوونەوە لە شێرپەنجەی مەمک لە نەخۆشخانەکەدا لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا دەگونجێت. 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێژەی تووشبوون بە پیاوان بە شێرپەنجەی مەمک کەمترە لە سەدا یەک، بەو پێیەی
 لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا تەنها یەک حاڵەتی تووشبوونی پیاوان هەبووە. 



PM:03:08:06/10/2024