وەزیری بازرگانی عێراق هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی خۆراکی تا ساڵێک مسۆگەرکراوە.
ئەمرۆ دووشەممە، ئەسیر داود غریری،وەزیری بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند" سەرجەم ماددەکانی سەبەتەی خۆراکی تاوەکو ساڵێک مسۆگەرکراون، هاوڵاتییان دڵنیادەکەینەوە لەوەی هیچ مەترسییەک لەسەر ئایندەی خۆراک لە وڵاتدا نییە".
پێشتریش بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان ئەوەیان خستبووەڕوو کە دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە دەکرێت و لەو چوارچێوەیەشدا دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بازرگانیی هەولێر ڕایگەیاند" بریکارەکان دەتوانن بەشەخۆراکی خۆیان وەربگرن و دابەشی بکەن. هەروەها قۆناغی وەرگرتنی پارە لە بریکارەکان بەردەوامە".
ئەوەشی خستەڕوو کە بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان لەم ماددانە پێکهاتووە: یەک لیتر زەیت، یەک کیلۆ شەکر، سێ کیلۆ برنج، ٢٥٠ گرام نیسک، ٢٥٠م گرام ماش، ٢٥٠ گرام لەتکەنۆک و ٤٠٠گرام دۆشاوی تەماتە و نۆ کیلۆ ئارد.