دەزگای ئاسایشی هەرێم وردەکاری لێکۆڵینەوەی کوشتنی (نیاز دەرگەڵەیی) بڵاوکردەوە

دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) وردەکاریی لێکۆڵینەوەی کوشتنی (نیاز دەرگەڵەیی) بۆ رایگشتی بڵاوکردەوە و دەڵێت" تۆمه‌تباره‌كان دوای كوشتنی نیاز ده‌رگه‌ڵه‌یی به‌ره‌و هه‌ولێر هه‌ڵاتوون". 

دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمشەو دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند" دوای ئەوەی لە شەوی ١٨ی ٨ی ٢٠٢٣ شەهید نیاز دەرگەڵەیی سەردانی باخەکەی دەکات لە باشووری قەزای رانیە (لەکانی قوڵکە)ی سەر بە شارەدێی (بۆسکێن) کە دەکەوێتە نزیک دەریاچەکە، لەلایەن سێ تۆمەتبار چاودێری وورد دەکرێت و لە کردەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کاتژمێر ٨:٤٠ی شەو نیاز دەرگەڵەیی لەناو باخەکەی خۆی بە چەکی جۆری دەمانچەی بێدەنگ (کاتم صوت) تیرۆر دەکرێت". 

دەشڵێت" تۆمەتباران هەمان رۆژ کاتژمێر ٤:٢٦ی پاشنیوەڕۆ لە رێگای گوندی (بێستانە)ی سنوری پارێزگای هەولێر بەڕێگەی دێگەڵەدا، بە ئۆتۆمبێلی جۆری (تۆیۆتا هایلۆکس رەنگ سپی) هەڵگری تابلۆی ژمارە ٢٢٧٧٧٨ عراق_ اربیل (جام ڕەش)، بەڵام لە بنەڕەتدا ژمارەی ئۆتۆمبێلێکی دیکەیە و بە نایاسایی بۆ ئەم تاوانە بەکارهێنراوە کە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ (فرهاد خانۆ خانۆ عەلی شێروانی)، لە رێگای تەقتەق-کۆیە بە چیای هەیبەت سوڵتان بەرەو ڕێگای هیزۆپ و پاشان لە شارۆچکەی چوارقوڕنەوە بە ئاڕاستەی شوێنی رووداوەکە دەڕۆن، تۆمەتباران بە سوود وەرگرتن لە رێگا لاوەکییەکان دەچنە شوێنی رووداو". 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" تۆمەتباران کاتژمێر ٦:٣٢ی ئێوارە لە نزیکەوە بە وردی چاودێری باخەکە دەکەن، لە وردەکاریی لێکۆڵینەوە و گرتەکانی کامێرای چاودێری دەردەکەوێت سێ تۆمەتبار لە هەولێرەوە لە سنووری گوندی بێستانەوە خۆیان دەگەیەننە شوێنی رووداوەکە و پاش دڵنیابوونەوە لەوەی نیاز دەرگەڵەیی بەتەنیایە (دوو) لە تۆمەتباران بە پیادە لە بەشی پشتەوە (تەلی سیاجی) باخەکە دەبڕن و یەکێک لە تۆمەتباران دەچێتە ژوورەوە و ئەوەی دیکەیان لە دەرەوەی باخەکە چاودێری دەکات". 

"بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تیمی بەڵگەی تاوان تەنها شوێنپێی یەک تۆمەتبار پاش ئەنجامدانی تاوانەکە لەکاتی هەڵگرتنەوەی شوێن پێیان بە دیواری باخەکەدا دەمێنێتەوە و بە چەکی جۆری دەمانچەی بێدەنگ، لەگەڵ بینینی (نیاز دەرگەڵەیی) لەناو ماڵەکەی (پێنج) فیشەک دەتەقێنێت و (سێ) فیشەک بەر سەری (نیاز دەرگەڵەیی) دەکەوێت و دەبێتە هۆی شەهیدبوونی، وەك ئەوەی دەزگای ئاسایش ئاماژەی پێداوە". (دەزگای ئاسایشی هەرێم وادەڵێت)

ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) ڕاشیگەیاندووە" دوای ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتباران بە پیادە بە ئاڕاستەی شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەکەیان هەڵدێن، کاتژمێر ٨:٤٥ی شەو بەخێراییەکی زۆر شوێنی رووداوەکە جێدەهێڵن و بە نزیکەی (٨٠٠)م ئۆتۆمبێلەکەیان لە باخەکەوە دوورە و، بەهەمان وردەکاریی ڕێگە لاوەکییەکانی هاتنیان هیزۆپ-هەیبەت سوڵتان -کۆیە خۆیان دەگەیەننە گوندی بێستانەی سنووری پارێزگای هەولێر و دەگەڕێنەوە". 

دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) دەشڵێت" بەهۆی بەردەوامیی بەدواداچوونەکانی دەزگای ئاسایش هەرێم و پاراستنی رەوتی لێکۆڵینەوە لەسەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی رانیە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ (فەرهاد خانۆ خانۆ عەلی شێروانی) بە ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی دەرچووە و بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم کەیسە بەردەوامە". 

لە ڕێگەی ئەم لینکەوە ڤیدیۆکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم ببینە



PM:07:06:07/10/2024