"دارایی عێراق مووچەی هێزە ئەمنییەکانی خەرجکرد"

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" وەزارەتی دارایی عێراق بڕی ٣٣٠ ملیار دیناری بۆ مووچەی هێزە ئەمنییەکان خەرجکرد". 
 
شوان محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، ئەمشەو دووشەممە بە سایتی (رووداوی) راگەیاند" لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، بڕیاری خەرجکردنی ٣٣٠ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی ئەیلولی هێزە ئەمنییەکان درا، هیچ کێشەیەک نەماوە و بەمزووانە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی مووچەخۆران دەکرێت". 
 
هەروەها لای خۆشییەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاندووە" وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی خەرجکرد و سبەینێ بڕی پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی هەرێمی کوردستان".
  
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی بڵاوکردەوە.

بەپێی خشتەکەی دارایی هەرێم، سبەینێ سێشەممە تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم مووچە وەردەگرن و کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران دێت. 



PM:07:46:07/10/2024