"حكومەت و كەرامەتی خۆتان و باوباپیرانتان خستە ژێر پرسیارەوە"

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" حكومەت و كەرامەتی خۆتان و باوباپیرانتان خستە ژێر پرسیارەوە". 

سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە کاتی سەردانیکردنی بۆ قەزای چەمچەماڵ، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند" وەك هێزێكی سیاسی ئەركمانە ڕێگری بكەین لە ئەنجاندانی ستەم و ستەمكاران و داكۆكیكار بین لە بەدەستهێنانی مافی هاوڵاتیان و مافخوراوەكان".

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی ڕاشیگەیاند" دروشمی ئیتربەسەمان بەرزكردەوە و ئەو دروشمە شیعارێكی سیاسی نییە بەڵكو پرۆژەیە بۆ ڕاستكردنەوەی فەشەلی ٣٣ ساڵ حكومڕانی لە هەرێمی كوردستاندا". 

سەڵاحەدین بەهائەدین لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وتیشی" حكومەت و كەرامەتی خۆتان و باوباپیرانتان خستە ژێر پرسیارەوە، دۆستەكانتان هەمووی ڕەنجاند و دڵی ناحەزانتان خۆش كرد و ئەمە ڕاست نیە كە ئێوە ئەنجامی دەدەن". 

ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان دەشڵێت" چوونه‌ په‌رله‌مان و له‌مینبه‌ری په‌رله‌مانی كوردستان داكۆكیكردن له‌ مافی هاوڵاتیان ئه‌ركێكی پیرۆزه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ جیهاده‌ سه‌رده‌مییه‌كان". 

ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە سەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی عێراق، ٢ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٦١ كەس لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە كە ٢ ملیۆن و ٦٨٢ هەزار و ٩٤٢ دەنگدەری گشتین و ٢١٦ هەزار و ١١٩ دەنگدەری تایبەتن.

هەروەها كۆمسیۆن بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەزار و ٤٢٧ ناوەندی دەنگدان دەكاتەوە كە ٥٥٩ بنکەیان لە سنوری هەولێرە و ٥٣٢ بنکەشیان لە سلێمانییە و ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی دهۆکیش ٢٩٦ بنکەیە و لە سنوری بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجەش ٢٨ بنکە هەیە.

هاوکات ١٢ بنکەی دەنگدانی دیکەش لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، نەینەوا، ئەنبار، واسیت، بەغدادی کەرخ و رەسافەش بۆ دەنگدانی تایبەت دانراون.



PM:08:04:07/10/2024