سێ خوێندکاری پەیمانگای تەکنیکی شەقڵاوە سوتان و گیانیان لەدەستدا

ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە سنووری پارێزگای ئەنبار، لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیان سێ خوێندکار سووتان و گیانیان لەدەستدا. 

ئەحمەد عەلی جبوری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی ئەنبار، لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە" لەسەر رێگای ڕومادی، لە ناوچەی حامزی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری نیسان سەنی بە چوار سەرنشینەوە وەرگەڕاوە و دواتر گڕی گرتووە". 

وتیشی" لە ئەنجامی ڕووداوەکە سێ خوێندکاری پەیمانگای تەکنیکی شەقڵاوە سووتاون و بەهۆی سەختی برینەکانیان لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش بە سەختی بریندار بووە". 

ئەحمەد عەلی جبوری ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا بریندارەکە لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتی رومادی لەژێر وەرگرتنی چارەسەری پزیشکدایە. 

ئەمەش لەكاتێكدایە، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆش لە ناوچەی زێلکانی سەر بە قەزای شێخان، لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک باوكێك و دوو كوڕی گیانیان لەدەستدا کە دانیشتووی ناحیەی کەڵەکچی بوون. 



PM:08:32:07/10/2024