"دوای هەڵبژاردن گۆڕان دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری حکومەت ناکاتەوە"

سەرۆکی کەمپینی هەڵبژاردنی لیستی ١١٤ی بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەی هەولێر رایدەگەیەنێت" دوای هەڵبژاردن گۆڕان دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری حكومەت ناکاتەوە". 

کاردۆ محەمەد سەرۆکی کەمپینی هەڵبژاردنی لیستی ١١٤ی بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بزوتنەوەى گۆڕان بڕیاریداوە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ببێتەوە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری حکومەت ناکاتەوە". 

وتیشی" بزوتنەوەی گۆڕان ئەمجارە لە رێگەی ئۆپۆزسیۆن بوونەوە پەرلەمان کارا دەکاتەوە و شکۆ بۆ پەرلەمان دەگەڕێنێتەوە". 

کاردۆ محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، بەشداری کارای هاوڵاتییان لە پرۆسەی هەڵبژاردن گرنگە.

رۆژی ١٨ی ئەم مانگە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و رۆژی ٢٠ی مانگیش دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت. 

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی عێراق، ٢ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٦١ كەس لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە كە ٢ ملیۆن و ٦٨٢ هەزار و ٩٤٢ دەنگدەری گشتین و ٢١٦ هەزار و ١١٩ دەنگدەری تایبەتن.

هەروەها كۆمسیۆن بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەزار و ٤٢٧ ناوەندی دەنگدان دەكاتەوە كە ٥٥٩ بنکەیان لە سنوری هەولێرە و ٥٣٢ بنکەشیان لە سلێمانییە و ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی دهۆکیش ٢٩٦ بنکەیە و لە سنوری بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجەش ٢٨ بنکە هەیە.

هاوکات ١٢ بنکەی دەنگدانی دیکەش لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، نەینەوا، ئەنبار، واسیت، بەغدادی کەرخ و رەسافەش بۆ دەنگدانی تایبەت دانراون.



PM:10:31:07/10/2024