نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست: هەفتەی داهاتوو مامۆستایانی گرێبەست مووچەکەیان وەردەگرن

نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست ئاشكرای دەكات، هەفتەی داهاتوو مامۆستایانی گرێبەست یەکەم مووچەی گرێبەستبوونیان وەردەگرن.

عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست ئەمشەو سێشەممە ٨ی تشرینی یەکەم بە میدیاکانی ڕایگەیاند، ڕۆژانی چوار شەممە و پێنج شەممە شایستە داراییەکانی مامۆستایان بەشێوەی پێشتری وانەبێژی بۆ مانگی ٦ی ٢٠٢٤ دابەشدەکرێت.

ڕاشیگەیاند، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ مووچەی مووچەخۆران، مامۆستایانی گرێبەست یەکەم مووچەی گرێبەست بوون بۆ مانگی ٩ وەردەگرن.

ڕۆژی ٢٥ـی ئابی ٢٠٢٤، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، مامۆستایانی وانەبێژ بکات بە گرێبەست، کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەسن.

دوای ئەو بڕیارە، وەزارەتی پەروەردە لیستی مامۆستایانی وانەبێژی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند"لەسەرەتای مانگی ئەیلولی ٢٠٢٤ـەوە، مامۆستایانی وانەبێژ مووچەی گرێبەستیان بۆ خەرجدەکرێت بەگوێرەی ڕێنمایی دارایی ژمارە ١٠ـی ساڵی ٢٠١٩ی هەرێم".




AM:12:14:09/10/2024