وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" کێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی ٧٠، کە کێشەیەکی کۆنە و مانگانە دووبارە دەبێتەوە".
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا ئەمڕۆ چوار شەممە، هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی رایگەیاند " ئەو خانەنشینانە کە مووچە لە گەنجینەی دوو وەردەگرن ژمارەیان ٠٠٥٧ کەسە، مووچەی مانگانەشیان ٣ ملیار و ٨١٨ ملیۆن دینارە، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٣ەوە فەرمانیان هەیە کە ئەو خانەنشینانە دۆسیەکانیان بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دواتر بۆ وەزارەتی دارایی.
لە درێژەی قسەکانیدا" لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە دوای ئەوەی مانگی ٢ و ٣ مووچەیان لەلایەن بەغداوە بۆ خەرج کرا، دواتر بەهۆی ئەوەی هیچ دۆسیەیەکیان لە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پیشمەرگە نییە مووچەکانیان ڕاگیرا".
ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی ٧٠ فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینی پیشمەرگە وەزارەتی دارایی و ئابووریان تۆمەتبارکردووە بۆ دواکەوتنی مووچەکانیان، بۆیە بە پێوستمان زانی وەڵامیان بدەینەوە کە ئێمە هۆکاری دواخستنی مووچەکانیان نین، بەڵکو هۆکارەکە بەرپرسانی هێزەکانی ٧٠ و فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینی پیشمەرگەیە. کە زیاتر لە ١١ ساڵە نەیانتوانیوە کێشەی ئەو خانەنشینانە چارە بکەن و دۆسیەکانیان ڕەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە بکەن کە لەوێش وردبینی دەکرێت و دواتر بچێتە بەڕێوەبەرایەتی خانەشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
ڕاشیگەیاند، دەمانەوێت ڕوونی بکەینەوە ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەو خانەشینانە و فەرمانگەکەیان نییە، بەڵکو ئەو کێشەی هەیە یاساییە، لەسەر ڕاپۆرتی تیمی دیوانی چاودێری دارایی هەردوولا، لەمانگی ٣ ەوە مووچەکانیان ڕاگیرا. لەمانگی ٤ و ٥ و ٦ و ٧ ، بە دەستوەردان و لەسەر بەرپرسیارەتی و بە بڕیاری وەزیری دارایی بڕیاردار بەخەرجکردنی مووچەکانیان، بەمەرجی ئەوەی لەماوەیەکی کورتدا کێشەکانیان چارە بکرێت. بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکە هەر وەکو خۆیەتی، هەروەها دوایین داتا کەلەم چەند ڕۆژەدا وەرمانگرتووە، لەکۆی ٩ هەزار کەس تەنیا ٢٠٠ کەس دۆسیەکانیان براوەتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە، دوای وردبینیکردنیش دەرکەوتووە بەشی زۆری دۆسیەکان کێشەیان هەیە، بۆیە دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ خانەنشینی هێزەکانی ٧٠.
هونەر جەمال باسی لەوەش کرد، دەبێت بەزووترین کات کێشەی ئەو خانەنشینانە چارە بکرێت، ئەو بەرپرسانە لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا نەیانتوانیەوە ئەو کێشانە چارە بکەن، هەروەها وەزیری دارایی مانگی ڕابردوو پێی گوتن لە سەرەتایی کابینەی نۆیەمەوە تا ئێستا بەرپرسیارەتی ئەو خانەنشیانەی هەڵگرتووە، بەڵام لەمەودوا چیتر ناتوانێت لەسەر بەرپرسیارەتی خۆی بڕیاری خەرجکردنی مووچەکانیان بدات.
لەبارەی کێشەی مووچە، هونەر جەمال گوتی، "لە مانگی ٧ەوە بە تەواوی کێشە بۆ مووچە دروستبووە، ئەوەش دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەستا بە بڕینی مووچەی کۆمەڵێک چین و توێژ بە بیانووی جیاواز. لە مانگی ٧ زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دیناری لە ئێمە بڕی. دوای ئەوەی وەزاری ئابووری هاتنە هەولێر و لەگەڵیان دانیشتین، روونکردنەوەی تەواومان پێدان و مەبدەئیەن رێککەوتین لە ماوەی چەند مانگێكدا تاوەکو کۆتایی ساڵ هەموو کێشە هونەرییەکانی لیستی مووچە چارەسەر بکرێت، ئەوانیش کردیان بە راسپاردە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ئەو پارە و لێبڕینانەی هەبوون خەرج بکرێن".
هونەر جەمال باسی لەوەش کرد، بەغدا لە چەند هەفتەی رابردوودا بەشێکی پارەکەی خەرج کرد، بەڵام "ئێستا چوار کێشە ماوە بۆ ئەوەی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەران خەرج بکرێت، بەشێکیان ئەوانەن بایۆمەترییەکانیان دووبارە بووەتەوە یان ناوی لەیەکچوومان هەیە لە چەند وەزارەتێک، ناوەکان لەیەک دەچن، بەڵام ناوی دایک و تەمەنیان جیاوازن".
لەبارەی ئەو گرفتانە، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی باسی لەوەش کرد، "کێشەی وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانمان هەیە، بەداخەوە ئەوەی پەرلەمان لەسەر زیادکردنی چەند ناوێک، چەند مانگێکە مووچەیان بۆ نەهاتووە، نەناردنی مووچەی ئەم شوێنانە پەیوەندی بەو تێبینییانە هەیە نەک شتێکی دیکە".
گوتیشی، "کێشەی فەرمانبەرانی ناوچە دابڕێندراوەکانمان هەیە، روونکردنەوەی پێویستمان پێداون، چاوەڕوانین و بڕیاریان داوە دوای ئەو روونکردنەوانە ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێن بۆ ئەوەی ئەو کورتهێنانەی هەیە پڕبکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت".