ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی مامۆستایان دەربڕیوە
بەرپرسێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات فەرمانی دامەزراندنی مامۆستایان بە شێوەی گرێبەست دەرچووە، تەنها واژۆكردنی ماوە.
چێنەر خەفاف بەڕێوەبەری گشتی كارگێری و دارایی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان تایبەت بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دامەزراندنی مامۆستایان بە شێوەی گرێبەست، گوتی 'رەزامەندی دراوە لەسەر دامەزراندنەكە، تەنها ماوە فەرمانەكەی بۆ دەربچێت و بكرێتە نووسراو، چونكە قوتابخانەكان پێویستی زۆریان بە مامۆستای تازە هەیە و وەزارەتی پەروەردەش پێداگری زۆری لەسەر ئەم پرسە كردوە، بەڵام نازانم كەی فەرمانەكە دەردەچێت'.
پێشووتر وەزارەتی پەروەردە داوای لە حكوومەت كردبوو بۆ دامەزراندنی 6 هەزار مامۆستا بە شێوەی گرێبەست، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی كارگێری و دارایی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئاشكرای دەكات دامەزراندنە لەو ژمارەیە كەمترە، گوتی '6 هەزار گرێبەست زۆر زۆرە و دەبێت رەچاوی بارودۆخی ئابوری كوردستان بكرێت، بەڵام بە دیاریكراوی نازانم چەند دەبێـت، بەڵام 6 هەزار نییە'.
PM:02:47:06/11/2014