سەرچاوەیەک لە هێزەکانی حەفتای یەکێتی دەڵێت" نزیکەی دە هەزار خانەنشین مووچەکانیان ڕاگیراوە، چونکە ناویان لە وەزارەتی دارایی نییە و پێشتریش مووچەیان لەسەر هێزەکانی حەفتا وەرگرتووە نەک وەزارەتەکە".
سەرچاوەیەک لە هێزەکانی حەفتا کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" نزیکەی ١٠ هەزار خانەنشین مووچەیان وەرنەگرتووە و گرفتمان هەیە، چونکە وەزارەت دەڵێت ناویان نییە لە وەزارەتی دارایی."
وتیشی" ئەو کەسانە پێشتر لەسەر هێزەکانی حەفتا مووچەیان وەرگرتووە نەک وەزارەتی دارایی، لە ئێستاشدا بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتەکە خەریکی چارەسەر کردنی کێشەکەین، چونکە سەرجەمیان دۆسیەی پێویست و تایبەت بە خۆیان هەیە."
لەمبارەیەوە هونەر جەمال وتەی وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەڕێم ، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند" کێشەی موچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی ٧٠، کێشەیەکی کۆنەو مانگانە دوبارە دەبێتەوە، ئەو خانەنشینانە کە مووچە لەگەنجینەی دوو وەردەگرن ژمارەیان ٩٠٧٥ کەسە، موچەی مانگانەشیان سێ ملیارو ٨١٨ ملیۆن دینارە، هەروەها لەساڵی ٢٠١٣وە فەرمانیان هەیە کە ئەو خانەنشینانە دۆسیەکانیان بخرێتەسەر وەزارەتی پێشمەرگەو دواتر بۆ وەزارەتی دارایی".
" وەزیری دارایی پێی وتوون لە سەرەتای کابینەی نۆوە بەرپرسیارێتی پێدانی مووچەی ئەو مووچەخۆررانەمان کردووە، بەڵام لەمەودوا لەسەر ئەرکی خۆی ئەو مووچەیە خەرج ناکات و ئیتر هێزەکە خۆی دەبێت تەحەموولی بەرپرسیارێتی بڕینی مووچەکانیان بکات."( وتەبێژەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم وای وت).
لای خۆشییەوە ئەمشەو موقەدەم عادل مەلا تاهیر، جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینی هێزەكانی (٧٠)سەبارەت بە داوخستنی موچەی خانەنشینانی هێزەكانیان بە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی رایگەیاند" ئەوەی پەیوەندی بە فەرمانگەی ئێمەوە هەیە بەهەموو جۆرێك ئەركەكانی خۆمان جێبەجێكردووە و هەرچی پێویست بێت لەرێنماییەكانی چاودێری دارایی هەرێم و بەغداد جێبەجێمان كردووە".
وتیشی" دواخستنی موچەی ئەفسەران و پێشمەرگە خانەنشینەكانی هێزەكانی (٧٠)مەبەست لێی بێزاركردن و بێومێدكردنیانە كە ساڵانێكی زۆر خەبات و خزمەتییان كردووە، دروستكردنی ئەم گرفتە لەلایەن حكومەتەوە وەك بانگەشەی هەڵبژاردن بەكار دەهێنرێت، مانگی رابردوش كێشەیان بۆ موچەی خانەنشینانی هێزەكانی (٧٠)دروستكردو بەهەوڵی هەمو لایەك كێشەكە چارەسەركرا".