لیژنەی ئارامی پارێزگای سلێمانی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد داواش لە هاوڵاتییان دەکات کارتی بایۆمەتری وەربگرنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی لیژنەی ئارامی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی ئارامی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانی كردووە و لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر دوائامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كراوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتییان کرایەوە لەسەر ئەوەی:
١- بردنە ژوورەوەی مۆبایل و هۆکانی وێنەگرتن بۆ ناو بنکەو وێستگەکانی دەنگدان قەدەغەیە.
٢- پێویستە نوێنەری کەناڵە ڕاگەیاندنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان باجی فەرمیی تۆمارکراوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵیان پێبێت و ڕوماڵ لەو بنکانەدا بکەن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە دیاری کراون.
٣- پێویستە چاودێرانی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی و چاودێرانی لایەن و قەوارە بەشداربووەکان باجی فەرمیی تۆمارکراوی کۆمسیۆنیان پێبێت.
٤- پێویستە ئەو هاووڵاتییانەی تائێستا کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرنەگرتۆتەوە، لە زووترین کاتدا بچن کارتەکان وەربگرنەوە، بە پێچەوانەوە مافی دەنگدانیان نابێت.
٥- دەوامی فەرمیی لە هەموو خوێندنگا حکومیی و ناحکومیی و تایبەتەکاندا لە ڕۆژی ١٥ تا ٢١/ ١٠/ ٢٠٢٤ دەوەستێت.
٦- هەر هاوڵاتییەک داوای گواستنەوەی شوێنی بنکەی دەنگدانەکەی کردووەو گواستنەوەکەی بۆکراوەو نەهاتووە کارتە نوێکەی لە کۆمسیۆن وەربگرێت، لە زووترین کاتدا سەردانی نزیکترین بنکەی دەنگدان بکات بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکەی.
٧- لە هەر وێستگەیەکی دەنگداندا تەنها لە سەدا پێنجی ئەو هاووڵاتییانەی لەکاتی وەرگرتنی کارتی بایۆمەترییدا پەنجەمۆرەکەیان نەخوێندراوەتەوە، دەتوانن دەنگ بدەن.