كۆمسیۆن داوا لە لایەنەکان دەکات لە وتاری رق و کینە و توندوتیژی دوربکەونەوە

کۆمیسیۆنی عێراق داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەکات كە لە وتاری رق و کینە و توندوتیژی دوربکەونەوە، هەروەها دەشڵێت" پێویستە بەشداربن لە سەرکەوتنی پرۆسەکە". 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوکردەوە" بەسەرکەوتووی خشتەی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواوکراون، پێویستە لایەنە سیاسییەکان، هاوپەیمانیێتی و كاندیدەكان پابەند بن بە پەیڕەو و سیستمی هەڵبژاردن کە بۆ رێکخستنی بانگەشە دەرکراوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمەش لە ڕێگەی پابەندبوون بە ڕێساکانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و کۆنترۆڵکردنی سیستەمی بانگەشەی هەڵبژاردن کە بەپێی سیستەمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٣ کاری پێدەکرێت.

کۆمسیۆن لە بەیاننامەکەیدا هیوای دەخوازێت کە" بانگەشەکانی هەڵبژاردن ئەو بیرۆکانە نەگرێتەوە کە هاندەری توندوتیژی و ڕق و کینە یان سووکایەتیکردن بە کاندیدەکانی دیکە و لایەنە ڕکابەرەکانن".

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە لیست و كاندیدەكان تاوەکو رۆژی دەنگدان و راگەیاندنی ئەنجامەکان دوربکەونەوە لە وتاری توندوتیژی، رق و کینە، سوکایەتیکردن و زیانگەیاندن بە كاندیدەكانی دیکە و رکابەرەکانیان.

کۆمسیۆنی عێراق داواش لە هەموو هاوبەشەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات لەوانەش دەنگدەران، هاوپەیمانییەکان، لایەنە سیاسییەکان، کاندیدەکان، چاودێران، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بە کاروباری هەڵبژاردنەکانەوە هەیە، پشتیوانی لە کارەکانی کۆمسیۆن بکەن و بەشداری لە هەوڵەکانیدا بکەن بە ئامانجی ڕێکخستن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە کە متمانەی هەمووان جێبەجێبکات. 



PM:02:03:10/10/2024