عێراق ژمارەیەک بنکەی نوێی سەربازیی لە سنوری توركیا دەكاتەوە

پاسەوانی سنوری عێراق، زیاتر لە ٢٠ بنكەی نوێی سەربازیی لەسەر سنوری نێوان عێراق و تورکیا دەکاتەوە و بۆ یەکەمجاریش لەچەند ناوچەیەک خاڵی سەربازی دادەنێت.

فەرماندەیی هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق، بڵاوی کردەوە، فەریق محەمەد عەبدولوەهاب، فەرماندەی هێزەكانیان، ٢٢خاڵی نوێی سەربازی لەسەر هێڵی سفر لەگەڵ توركیا كردەوە و دەڵێت" بۆ یەکەمجارە سوپای عیراق بچێتە هەندێك لەو ناوچانە".

راشیگەیاندوە"مەبەست لە کردنەوەی ئەو بنکە سەربازیانە، پاراستنی سنوری نێوان هەردو وڵات و ڕێگریكردنە لە دزەكرن و كاری قاچاغچێتی".

دروستکردنی ئەو بنکانە لە کاتێکدایە، مانگی ئابی ئەمساڵ، بەغداد و ئەنقەرە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی هاوكاریی سەربازی و ئەمنییان واژۆ كرد.



PM:09:50:10/10/2024