ژنە بەندکراوێکی سیاسی کورد و ئەندامی کەژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) وەریشە مورادی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراوە، لە دژی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاند.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وەریشە مورادی بەندکراوی سیاسی کورد، بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دەرچوون و جێبەجێکردنی سزای سێدارە و، هەروەها ناڕوونی دۆخی دۆسیەکەی خۆی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران تا ماوەیەکی نادیار مانی لە خواردن گرت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دووەمین دانیشتنی دادگایکردنی وەریشە مورادی کە لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەری ٢٠٢٤ لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بەڕێوەچوو بوو و لەو دانیشتنەدا ئیزنی بەرگری بە وەریشە مورادی و پارێزەرەکانی نەدرابوو، پارێزەرەکانی وەریشە مورادی تاوەکو ئەم دانیشتنەی دادگا لە دەستپێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ناوبراو بێبەش بوون دوای دانیشتنەکە تەنیا بۆ چەند کاتژمێر توانیبوویان دۆسیەکەی ببینن و بیخوێننەوە.
وەریشە مورادی بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هەروەها ئەندامی کەژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)ە، ماوەی نزیکەی ساڵێکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە بەندیخانەی (ئێڤین) زیندانیکراوە.
هەروەها وەریشە مورادی دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر (پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی)، لە ڕۆژی ٤ی ئابی ئەمساڵدا بەشداری لە دانیشتنی دۆسیەکەی رەتکردەوە و بەوهۆیەوە بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەی دواخرا.