بەغدا بەفەرمی داوا لەتوركیا دەكات راهێنان بە سوپا‌و پۆلیسی عێراق بكات

‌سوپای عێراق

وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند كە بەغدا بەفەرمی داوای لەئەنكەرە كردوە كە راهێنانی سەربازیی هێزەكانی سوپا‌و پۆلیسی عێراق بكات.

ئەمرۆ مەولو چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند كە وەزیرانی بەرگریی‌و ناوخۆی عێراق داوایان لەتوركیا كردوە ئەركی راهێنانی سەربازیی سوپا‌و پۆلیسی عێراق بگرێتە ئەستۆ.

چاوش ئۆغڵو، لەو كۆنگرە رۆژنامەنوسیە كە لەبینای وەزارەتی دەرەوەی توركیا بەڕێوەچوو وتی: كێشەكانی پێشووی نێوان توركیاو عێراق‌و قەیرانی نێوان هەردوو وڵات بۆ سیاسەتەكانی حكومەتی مالیكی دەگەڕێتەوە، بەڵام ئێستا لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندی دوو لایەنە كراوەتەوە.

وەزیری دەرەوەی توركیا جەختی كردوە كە وڵاتەكە بە هەموو توانایەوە داكۆكی لە یەكپارچەیی سیاسی‌و خاكی عێراق دەكات‌و پشتیوانی لێدەكات.




PM:03:40:06/11/2014