دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم لە پشکی گۆڕان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لە بڕیاری کشانەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم و خوجێییەکان کرد و رایگەیاند" بڕیاری کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت پوچەڵەو کاری پێناکرێت و تەنها جڤاتی هەڵبژێردراوی گۆڕان مافی بڕیاردانی هەیە".
دانا عەبدولکەریم باسی لە کێشە ناوخۆییەکانیان گۆڕانی کرد و وتی" هەموو رازی بوین (دانا ئەحمەد مەجید) بە رێکاری دەستوری و یاسایی ببێتە رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان، بەهۆی ئەو وەکالەتە نایاساییەوە گرفتەکان تەقییەوە کە (عومەر سەید عەلی) بۆ دانای رێکخەر کردییەوە".
راشیگەیاند" جڤاتی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان هەر بڕیارێک بدات من پابەند دەبم پێوەی، بەدەر لە جڤاتی هەڵبژێردراو هیچ کەسی تر مافی نییە بە ناوی گۆڕانەوە بڕیار بدات".
" لە ٩/١٠/٢٠٢٤ کۆبونەوەیەک کراوە بە ناوی جڤاتی نیشتمانییەوە، دوو بڕیاریان داوەهەردوو بڕیارەکە پوچەڵەو کاری پێناکرێت".( وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم وای وت).
لای خۆشیەوە دوێنی هەڤال ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بێبەریبوونی خۆی لە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند و دەڵێت" وەک کەسێکی تەکنۆکرات و بێلایەن لە ئەرکەکانی خۆمان بەردەوام دەبین، تا ئەو کاتەی بەخشینەکەمان پەسەند دەکرێت".
وتیشی" ئێمە خۆمان لەو دۆخە بە دورگرت و هەموو هەوڵێکی کۆکردنەوە و یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوە و قبوڵکردنی یەکتر و کاراکردنەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و ناوەندەکانی بڕیاردانماندا، بەڵام نەگەشتینە ئەنجام، لە ئێستاشدا نابینە بەشێک لەم ململانێ و کێشمەکێشەی گۆڕانی لە ئامانج و ستراتیژو دەستور و پاکێچ و بەرپرسیارێتییەکەی دورخستۆتەوە".
ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە دانا ئەحمەد مەجید ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران بە وەکالەت، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند" لە کۆبونەوەی نائاسایی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەردو حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی بکشێتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم بڕیارەمان بەپرس و ڕاوێژ لەلایەن بەرپرس و کەسی شارەزا و لەدەرەوەی گۆران دراوە، و لە هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێی دەکشێینەوە.
ڕێکخەری گشتی وتیشتی" لە ڕابردوودا و ئەزمونی بەشداریمان لە کابینەی ٩ـی حکومەتی هەرێم سەرکەوتوو نەبوو، ئەوکارنامەیەی لەلایەن گۆرانەوە ئامادەکرابوو، لەلایەن حکومەتەوە جێبەجی نەکرا".
بۆ بینینی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە سەردانی پەیجی سپی بکەن: https://fb.watch/va6u5g1qi3/