عێراق ٤٥ ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جوتیاران رەوانەی هەرێم دەکات

بڕیارە عێراق ٤٥ ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ هەرێم بنێرێت و  لە سبەینێوە ڕێکاری وەرگرتنی پارەکە دەست پێدەکرێت.

نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"  حکومەتی عێراق بڕیاری خەرجکردنی ٤٥ ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی داوە کە ٢٠ ملیاری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، ١٥ ملیاری بۆ هەولێر و ١٠ ملیاریشی بۆ جوتیارانی پارێزگای دهۆکە".

وتیشی" سبەی رێکارەکانی وەرگرتنی پارەکە دەست پێدەکەن و ئەگەر گرفت دروست نەبێت، لە ماوەی سێ ڕۆژدا پارەکە وەردەگرن و دواتر بەسەر جوتیاراندا دابەشی دەکەن".

جەختی لەوەشکردەوە کە لەدوای ناردنی ئەم پارەیە، جوتیارانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە بڕی ١١٠ ملیار دیناریان لە پارەی گەنمی ئەمساڵ دەمێنێت وەری بگرن



PM:07:27:12/10/2024