بزووتنەوەی گۆڕان لە نوێترین بڕیاریدا دەڵێت" هەر وەزیرێک بڕیاری کشانەوە نەدات پەیوەندی بە گۆڕانەوە نامێنێت".
بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دوابەدوای، بڕیاری کشانەوەمان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی، بەپیرەوەهاتنی هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان، دەرخەری ڕاستی و دروستی ئەم هەڵوێستەیە کە خەڵک دەیەوێت و خەڵکیش خاوەندارێتی دەکات".
دەشڵێت" بە پێزانینەوە لە هەڵوێستی جێگری سەرۆکی هەرێم و وەزیرەکان و پارێزگاری سلێمانی دەڕوانین کە لە کۆی شەش پۆستی سیاسی، پێنجیان پابەندیان بە بڕیاری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەربڕیوە، لەوانە جێگری سەرۆکی هەرێم، وەزیری دارایی و ئابووری، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و پارێزگاری سلێمانی".
بزوتنەوەی گۆڕان جەختیشدەکاتەوە کە" هەر وەزیرێک، بەهەر بیانوو و پاساوێک، بڕیاری کشانەوە لە پۆستی وەزاری نەدات، پەیوەندی ڕێکخراوەیی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە نامێنێت".
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم لە پشکی گۆڕان ڕایگەیاند" بڕیاری کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت پوچەڵە و کاری پێناکرێت و تەنها جڤاتی هەڵبژێردراوی گۆڕان مافی بڕیاردانی هەیە".
وتیشی" جڤاتی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان هەر بڕیارێک بدات من پابەند دەبم پێوەی، بەدەر لە جڤاتی هەڵبژێردراو هیچ کەسی تر مافی نییە بە ناوی گۆڕانەوە بڕیار بدات".