سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر کۆرتهێنانی مووچە چارەسەر بکرێت، ئەوا دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ خێراتر دەبێت".
دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ماڵپەڕی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان (کەی ئێن ئێن) لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ نوسراوی خەرجکردنی کۆتا گوژمەی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی لقی هەولێری بانکی ناوەندی کراوە".
وتیشی" تا ئێوارەی ئەمڕۆ رێکارەکان تەواو بکرێن، بڕی پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم".
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ موچەی ئەم مانگە ٣٠٥ ملیار دینار کورتهێنانیان هەیە، ئەگەر کۆی ئەو پارەیە بە یەک گوژمە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتەکە، دابەشکردنی مووچە خێراتر دەبێت و لە ماوەی چوار رۆژدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و موچەخۆران دابەشدەکرێت.