پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" هاوڵاتییەک بەهۆکارى ئاگرکەوتنەوە لە سنوورى سیتەک دەستگیرکراوە".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئاگرێکى فراوان لە گوندى بناویلە کەوتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، دەستبەجێ مەفرەزەکانى بنکەى پۆلیسى دارستانى سیتەک گەیشتنە شوێنى رووداوەکە و توانییان بە هاوکارى ئاگرکوژێنەوەى سیتەک لە ماوەیەکى کەمدا ئاگرەکە کۆنترۆڵبکەن.
سەبارەت بە زیانەکانی ئاگرەکە، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی هێمای بۆئەوەشکردووە، بەهۆی ڕووداوەکەوە نزیکەى دوو دۆنم رەز و باخى هاوڵاتییان سووتاون، هەروەها چەندین باخ و بێستان لە سووتان پارێزران.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەشڵێت" هاوڵاتییەک بەتۆمەتی کەوتنەوەی ئاگرەکە لە ئێستادا دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت".