سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێبوردنی تایبەتی بۆ 17سزادراو دەرکرد کە بەشی زۆری ماوەی حوکمەکەیان تەواو کردووە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەک شەممە رایگەیاند، بەپێی بڕگەی ( ٦) لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ـ عێراق ژمارە (١ )ـی ساڵی ٢٠٠٥ هەموارکراو، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣/١٠/٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی ژمارە ( ٣٣٦) دەرکرد کە لێبوردنێکی تایبەتە بۆ ژمارەیەک لە حوکمدراوانی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی لێبوردندا کە بەردەوامی دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی ئەو فەرمانە، (١٧) حوکمدراو کە بەشی زۆری ماوەی حوکمەکەیان تەواو کردووە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، لێبوردنە تایبەتییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەیانگرێتەوە.
وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو فەرمانە دەرئەنجامی راسپاردەیەکی پێشتری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجوومەنی دادوەری، هەروەها دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی بەندیخانە و چاکسازییەکان. لیژنەکە لە ماوەی ڕابردوودا لە دۆخی ئەو حوکمدراوانەی کۆڵیوەتەوە کە سەرباری تەواوکردنی ماوەیەکی زۆری حوکمەکەیان، مەترسیییان نەماوە و دەتوانن تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە، بۆیە پێشنیازی ئازادکردنی کردوون.
پێشتر.
لە هەرێمی کوردستان، پێنج هەزار و ٥٣٦ کەس کە لە دادگا سزادرون لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندان و سزاکەیان بەسەردەبەن، ژمارەیەکیان سزای لە سێدارەدانیان هەیە، بەڵام لە هەرێمدا جێبەجێناکرێت.