١١٢ هەزار دەنگدەری هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ئاگاداردەکرێنەوە کە سبەینێ دوا دەرفەتە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری و بە پێچەوانەوە ناتوانن لە هەڵبژاردندا بەشداری بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند" سبەینێ هەڵمەتی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگیرێت کە بڕیارە ١٨ و ٢٠ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، و ١٣ کونسوڵخانە و ١٤ ڕێکخرا و ١٥٥٠ چاودێری بیانیی، چاودێری هەڵبژاردنەکە دەکەن".
کۆمسیۆن بڵاویشیکردەوە " کە تا ئێستا ١١٢ هەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتووەتەوە کە ٧٣ هەزاریان لە سلێمانی، ٢٧ هەزار لە هەولێر و ١٢ هەزاریشیان لە دهۆکن".
کۆمسیۆن دەنگدەرانیشی ئاگادارکردەوە کە سبەینێ دوا مۆڵەتە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری و بە پێچەوانەشەوە مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدان دەفەوتێت.