" پێش دەنگدان مووچەی مانگی ٩ دابەشدەکرێت"

شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مانگی ئەیلول لە بەغدایە کە تا ئێستا دابەش نەکراوە، و بڕیارە پێش دەنگدان مووچە دابەش بکرێت.

بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەک لە وەزراەتی دارایی ماوەی دوو ڕۆژە شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق پرسی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مانگی ئەیلول تاوتوێ دەکات.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر حکومەتی عێراق رازی بوو ئەو پارەیە زوو بنێرێت، ئەوا مووچەکە زووتر دابەش دەکەین.

سەرچاوەکە وتیشی " ئەگەر حکومەتی عێراق پارەکەی نەنارد، ئەوا هەوڵ دەدەن لە داهاتی نێوخۆ کورتهێنانەکە پڕ بکەنەوە و پێش رۆژی دەنگدانی گشتی، مووچەخۆران مووچەکەیان وەردەگرن".

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند" ئەو پارەیەی کە بەغدا ناردوویەتی ٣٠٥ ملیار دینار کورتهێنانی هەیە و چاوەڕێ دەکەن تەواوکاریی پارەکە بنێرێت بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی بکەن".



PM:03:39:14/10/2024