وتەبێژی ڕاگەیاندنی بەشی پۆلیسی پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ سێشەممە دەستگیرکردنی چەند کەسێکی ڕاگەیاند کە پۆستەر و ڕیکلامی هەڵبژاردنەکانیان بۆ ژمارەیەک کاندید لە پارێزگاکەدا ڕووخاندووە، هەروەها داواش لە کاندیدە زیانلێکەوتووەکان دەکات" سکاڵا لەسەر ئەم تۆمەتبارانە تۆمار بکەن".
هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك، ئەمڕۆ ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" چەند کەسێک ژمارەیەک پۆستەریان بۆ کاندیدانی هەندێک لایەنی سیاسی بۆ مەبەستی خۆیان ڕووخاندووە و دوای ئەوەی ڕاپۆرتێکیان لەسەر ئەو دۆسیانە پێگەیشت، پۆلیسی دهۆک دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە پارێزگاکەدا، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی چەرخێک کە لە ئەنجامدانی ئەم پێشێلکاریانەدا بەکاریان دەهێنا".
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دەستگیرکردنیان، پۆلیسی پارێزگای دهۆک ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان گرتەبەر.
ئەوەشی خستەڕوو، هەر کاندیدێک بەهۆی ئەو تۆمەتبارانەوە زیانیان پێبگات، مافی ئەوەی هەیە سکاڵایان لەسەر تۆمار بکات.
بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی مانگی ڕابردوووەوە دەستیپێکرد و تا کاتژمێر ١٢:٠٠ی ئەمشەو بەردەوام دەبێت و دواتر بێدەنگی هەڵبژاردن دەستپێدەکات.