كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كاتی دەستپێك و كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە دەنگدانی تایبەت و گشتی دیاریكرد.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بنكە و وێستگەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی (٢٠٢٤)ی پەرلەمانی كوردستان لە كاتژمێر ٧ی بەیانی بۆ ٦ی ئێوارە كراوە دەبن و كاتەكەی درێژ ناكرێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، ڕۆژی هەینی ١٨ی تشرینی یەکەم دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەك شەممە ٢٠ی تشرینی یەکەم دەنگدانی گشتی دەبێت.
جەختیشی كردۆتەوە، كاتی دەنگدان درێژناكرێتەوە، چونكە پڕۆسەی كردنەوە و داخستنی وێستگەكانی دەنگدان بە ئەلیكترۆنییە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دەنگدان تەنها بە كارتی بایۆمەتری دەنگدەرەوە دەبێت و ڕێگا نادرێت بە بردنەژوورەوەی مۆبایل و كامێرا بۆ ناو وێستگە و بنكەكانی دەنگدان، تەنها لەو بنكانە نەبێت، كە بۆ ڕاگەیەندنكاران دیاری كراوە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دوو ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ٦١٨ هاونیشتمانی مافی دەنگدانی هەیە، لەو رێژەیە یەک ملیۆن و هەشت هەزار و ٤١٢ دەنگدەر لە سلێمانییە و ٩٣٣ هەزار و ١١٥ دەنگدەر لەهەولێر، ٦٨٢ هەزار و ٧٩١ دەنگدەر لە دهۆک، ٥٩ هەزار و ٣٠٠ دەنگدەریش لە پارێزگای هەڵەبجەیە.