لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر: قبووڵ ناکەین هیچ لایەنێک ئارامی هەولێر تێک بدات

لێژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەینراوێکدا دەڵێت" چیتر لە هیچ کەس و لایەن و هێزێک قبووڵ ناکەین کە بیەوێت ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر تێک بدات، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و سزای یاسایی دەدرێن، خۆشیان بەرپرسیار دەبن لە ئەنجامی هەر لێکەوتەیەکی نەخوازراو".

لێژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەنراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ڕێکەوتی ١٤ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ١٠:٤٥ی شەو، لە گەڕەکی زانیاریی شاری هەولێر، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هاووڵاتییەک بەناوی (م.ت.أ) کە ئۆتۆمبیلێکی جۆری لاندکرۆزەری پێ بووە لەناو بانگەشەکاراندا لە لایەن پاسەوانەکانی کوڕانی کۆسرەت ڕەسووڵ هێرشی دەکرێتە سەر و تەقەیەکی زۆر دەکەن و زیان بە خۆی و ئۆتۆمبێلەکەشی دەگەیەنن".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن" پاسەوانانی کوڕانی کۆسرەت ڕەسووڵ ئەمە جاری یەکەمیان نییە، ماوەیەک پێش ئێستاش لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری هەولێر هەمان کاریان کرد و هاووڵاتییەک بریندار بوو".

لێژنەکە هۆشداریش دەدات لە دوبارە بوونەوەی ئەو ڕووداوانە و دەڵێت" لێرەوە ڕایدەگەیەنین چیتر لە هیچ کەس و لایەن و هێزێک قبووڵ ناکەین کە بیەوێت ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر تێک بدات، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و سزای یاسایی دەدرێن، خۆشیان بەرپرسیار دەبن لە ئەنجامی هەر لێکەوتەیەکی نەخوازراو".




PM:10:17:15/10/2024