درەنگانی شەوی ڕابردوو لەسەر شەقامی ئیبراهیم خەلیل لە ئیدارەی سەربەخۆی قەزای زاخۆ شەر لە نێوان چەند کەسێکدا روویدا کە بەهۆیەوە هاوڵاتییەکی باکووری کوردستان بە چەقو کوژرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی قەزای زاخۆ، دەربارەی ڕووداوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە" درەنگانی شەوی رابردوو لە گەراجێکی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەسەر ڕێگەی سەرەکی ئیبراهیم خەلیل لە نزیك گوندی چەم کورك شەڕ لە نێوان چەند کەسێکدا روویدا".
ئاماژە بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئەو شەرە هاوڵاتییەکی تەمەن (٤٥) ساڵان کە خەڵکی باکووری کوردستانە بە چەقو بریندار دەبێت، بەڵام پێش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی زاخۆ لەبەر سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی زاخۆ ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا گومانلێکراوی ڕووداوەکە دەستگیرکراوە و لێکوڵینەوە لەسەر رووداوەکە دەستیپێکردووە.