وەزارەتی ناوخۆ لێپرسینەوەی یاسایی لەو کەسانە دەکات ئاسنی پۆستەری کاندیدەکان بەرن

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایدەگەیەنێت" هەر کەسێک بە ناوی تەواوبوونی کەمپەین و بۆ بردنی ئاسنی پۆستەرەکان، پۆستەر لا ببات رووبەرووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە". 

هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاگادارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە کە ئاڕاستەی هاوڵاتییانی کردووە، دەڵێت" ڕاوەستانی کەمپەینی هەڵبژاردن مانای هەڵگرتنەوەی پۆستەرەکان و بردنی ئاسنەکان نییە، تا رۆژی هەڵبژاردن و تەواوبوونی پرۆسەکە ئەو پۆستەرانە پێویستە بمێنن و دواتر کاندید و کیانە سیاسییەکان بەرپرسیار دەبن لە هەڵگرتنەوەیان". 

ئەوەشی خستەڕوو، هەر کەسێک بە ناوی تەواوبوونی کەمپەین و بۆ بردنی ئاسنی پۆستەرەکان، پۆستەر لا ببات رووبەرووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت و پۆلیس مامەڵەی یاساییان لەگەڵدا دەکات. 

هەروەها لای خۆشییەوە سەرکەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بەپێی یاسا هەر کەسێک ئاسنی پۆستەرەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن ببات یان لێی بکاتەوە، بە دزی هەژماردەکرێت و سزا دەدرێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، کۆمسیۆنی عێراق مۆڵەتی مانگێکی داوە بەو کەسانەی بانگەشەی هەڵبژاردنیان کردووە، بە مەبەستی لابردنی پۆستەری ڕیکلامەکانیان، هەر بۆیە پێویستە کاندیدان خۆیان ئاسنی پۆستەرەکانیان لێبکەنەوە و ئازادن چیلێدەکەن، هەڵیدەگرن یان دەیفرۆشنەوە.

بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکرد و تا کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەوی ڕابردوو بەردەوام بوو و دواتر بێدەنگی هەڵبژاردن دەستیپێکرد. 

لە ڕۆژی هەینی ١٨ی تشرینی یەکەم دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتووش ٢٠ی تشرینی یەکەم دەنگدانی گشتی، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

هەروەها بنكە و وێستگەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە كاتژمێر (٧:٠٠)ی سەرلەبەیانییەوە تا کاتژمێر (٦:٠٠)ی ئێوارە كراوە دەبن.

بەپێی بڕیارێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێت، پرۆسەی دەنگدان كاتەكەی درێژناكرێتەوە. 



AM:10:36:16/10/2024