کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بردنە ژوورەوەی مۆبایل لە دەنگدانی گشتی و تایبەتیش قەدەغە دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ ی تشرینی یەکەم کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" لە دەنگدانی گشتی و تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بردنەژوورەوەی مۆبایل و وێنەگرتن لە بنکەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە".
بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی عێراق و بە چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ٢٠ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
بڕیارە ڕۆژی هەینی ١٨/١٠/٢٠٢٤، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت کە زیاتر لە ٢١٥ هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە.
له پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بنکەکانی دەنگدان دابەشی سەر ١٦٥ بنکە و ٧٤٩ وێستگە کراون.
بۆ یەکەمجاریش لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەنگدەران دەتوانن دەنگ بدەن، جگە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە هەشت پارێزگای دیکەش دەنگدەرانی تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن.
بنکەکان بەمشێوە دابەش کراون:
هەولێر ٦٢ بنکەی دەنگدان و ٣٠٦ وێستگەی دەنگدانی هەیە.
سلێمانی ٥٧ بنکەی دەنگدان و ٣٧٦ وێستگەی دەنگدانی هەیە.
لە دهۆکیش ٣٣ بنکەی دەنگدان و ١٤٢ وێستگەی دەنگدان هەیە.
هەڵەبجە یەک بنکەی دەنگدان و سێ وێستگەی دەنگدان هەیە.
بەغدا - ڕەسافە، ژمارەی بنکەکانی دەنگدان یەک بنکە و دوو وێستگەی دەنگدانی هەیە.
بەغدا - کەرخ، دوو بنکەی دەنگدان و هەشت وێستگەی دەنگدان هەیە.
لە نەینەوا چوار بنکە و پێنج وێستگەی دەنگدان هەیە.
لە کەرکووک، یەک بنکە و دوو وێستگەی دەنگدان هەیە.
دیالە یەک بنکە و یەک وێستگەی دەنگدانی هەیە.
ئەنبار یەک بنکە و یەک وێستگەی هەیە.
واست یەک بنکە و یەک ێستگەی هەیە.
پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر٧ی بەیانی دهست پێ دهكات و ٦ی ئێوارە كۆتایی دێت.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دهچێت.
کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و ٨٩٩هەزار و ٨٧٨ دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و ٦٨٣ ههزار و ٦١٨ دەنگدەری گشتین و ٢١٥ هەزار و ٩٦٠ دهنگدهر، دەنگدەری تایبەتن.