کۆمیسیۆن : بە كۆمسیۆنیشەوە ناتوانن بزانن بژاردەكانی دەنگدەران چین و بۆ كێ‌ دەنگیان داوە

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێڕاق دڵنیایی دەدات کە نهێنی دەنگدەران پارێزراو دەبێت و دەڵێت" بە كۆمسیۆنیشەوە ناتوانن بزانن بژاردەكانی دەنگدەران چین و بۆ كێ‌ دەنگیان داوە".

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی تیەشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند" بە پشت بەستن بە حوكمەكانی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥، كە تیایدا هاتووە: سەروەری بۆ یاسایە و گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەكانە و شەرعەیەتیان پێ‌ دەدات، هەڵدەستن بە دەنگدان لە دەنگدانێكی نهێنی گشتی ڕاستەوخۆ و لەڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەكانەوە".

وتیشی"  لە یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هاتووە: دانانی ئەو پەیڕەو و ڕێنماییانەی بێگەردی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەپارێزن، پشت بەستن بەوە، كۆمسیۆن پابەندە بە پارێزگاری لە سەلامەتی پڕۆسەی هەڵبژاردن و نهێنی دەنگدانی دەنگدەران".

جەختیشی كردۆتەوە، پارێزگاری كردن لە پاراستنی نهێنی دەنگدان بە یەكێك لە پێوەرەكانی بێگەردی دادەنرێت، هەربۆیە كۆمسیۆن لە پەیڕەو و ڕێكارە هونەرییەكانی بۆ ڕۆژی دەنگدان ئەمەی ڕەچاو كردووە و هیچ لایەنێك بە كۆمسیۆنیشەوە ناتوانن بزانن بژاردەكانی دەنگدەران چین و بۆ كێ‌ دەنگیان داوە.

بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی عێراق و بە چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ٢٠ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

بڕیارە ڕۆژی هەینی ١٨/١٠/٢٠٢٤، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت کە زیاتر لە ٢١٥ هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە.

له‌ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بنکەکانی دەنگدان دابەشی سەر ١٦٥ بنکە و ٧٤٩ وێستگە کراون.
بۆ یەکەمجاریش لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەنگدەران دەتوانن دەنگ بدەن، جگە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە هەشت پارێزگای دیکەش دەنگدەرانی تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن.





PM:07:18:16/10/2024