حكومەتی عێراق بۆ هەر تۆنێك گەنمی لە وەرزی دروێنەی ساڵی داهاتوو بۆ بە بازاڕكردنی گەنمی جوتیاران بڕی ٨٥٠ هەزار دیناری دیاریكرد.
غەریب ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" حکومەتی عێراق نرخی گەنمی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دیاریکرد، كە لە وەرزی بە بازاڕكردنی گەنمی جوتیاران لە جوتیارانی عێراق و هەرێمی دەكڕێتەوە".
ڕاشیگەیاند" ئەو زەویانەی بەسیستمی مڕەشە و ئاودێری مۆدێرن ئاودەدرێن، نرخی تۆنی گەنم لەلایەن حكومەتەوە بە ٨٥٠ هەزار دینار وەریدەگرێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو زەویانەی بەشێوازی تەقلیدی کۆن دەکرێن نرخی تۆنی گەنم بە ٨٠٠ هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگیرێت.
ساڵانە لەگەڵ دروێنەی گەنم، وەرزی بە بازاڕكردنی گەنمی جوتیاران دەستپێدەكات و لە لایەن وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عێراقەوە لە جوتیاران دەكڕدرێتەوە و دوای كۆگاكردنی دەكرێتەوە بە ئارد و بەسەر هاووڵاتیاندا لەچوارچێوەی بەشەخۆراكی مانگانە دابەش دەكرێت.