نێچیرڤان بارزانی: پێویستە عێراق لە پڕچەککردنی پێشمەرگە نەترسێت

نێچیرڤان بارزانی داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات کە هێزی پێشمەرگە پڕچەک بکات وەک بەشێک لە سیستمی بەرگری سەربازی وڵات، جەختی لەوە کردەوە کە" پێشمەرگە بەرگری لە عێراق و ناوچەکە و هەموو مرۆڤایەتی دەکات". 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ڕێورەسمی (٢٩)یەمین خولی پێگەیاندنی سەربازی لە زاخۆ، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند" ئه‌م ديمه‌نه‌ بۆ ئێمه‌ و هه‌موو خەڵکی كوردستان جێگەی شانازيیە كە ٧٩٢ ئەفسەری گەنجمان خوێندنی سەربازی، ئەکادیمی و پراکتیکییان تەواو کرد". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە کە لەو ٧٩٢ ئەفسەرەی خوێندنی سەربازییان تەواو کردووە ٥٠ ئەفسەری ژنی لە خۆگرتووە کە ١٣ ئەفسەریان لە تەریقەتی ئێزیدی و ژنێکیش لە کۆمەڵگەی کاکەیی بوون. 

هەروەها بارزانی هیواشی خواست کە ژمارەی ئافرەتان لە ڕیزەکانی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە لە خولی داهاتوودا زیاتر بێت. 

وتیشی" هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی شکاند و ڕێگەی نەدا ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە لە کوردستان نزیک بێتەوە، پێشمەرگەش نمونەی بەرگری و خۆبەختکردنی دانا". 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەربڕی بۆ هاوکاری و پێشکەشکردنی پاڵپشتی و هاوکاری پێشمەرگە و سوپای عێراق لە جەنگی دژ بە داعش و ئەو پاڵپشتییەی بە "ستراتیجی و چارەنووسساز" وەسف کرد.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد بەردەوام بن لە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.

هاوکات جەختی لە بەردەوامی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان کردەوە.

دەشڵێت" داعش هێشتا مەترسی جددی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە دروست دەکات و زۆر گرنگە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپا بەردەوام بێت". 

نێچیرڤان بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵی بە پڕچەککردن و دابینکردنی ئەو پێداویستیانەی کە پێویستیانە، ئەرکی خۆی بەرامبەر پێشمەرگە جێبەجێ بکات و لەوەش مەترسن، چونکە پێشمەرگە بەرگری لە عێراق و کوردستان و هەموو مرۆڤایەتی دەکات".



PM:02:40:17/10/2024