وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایدەگەیەنێت" تائێستا زیاتر لە ٥٨ ملیۆن لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە".
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ھاوڵاتییاندا بۆ وەرزی زستان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەردەوامە و تائێستاش زیاتر لە ٥٨ ملیۆن لیتر نەوت بەسەر ٢٩٢ هەزار خێزان دابەشکراوە.
وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، لە ھەولێر زیاتر لە ٩٠ ھەزار خێزان و لە سلێمانی زیاتر لە ٨٩ ھەزار خێزان و لە دھۆک زیاتر لە ٤٦ ھەزار خێزان و لە ھەڵەبجەش زیاتر لە ١٨ ھەزار خێزان نەوتیان بەسەردا دابەشکراوە کە دەکاتە ٣٠٪ی نەوتی دابەشکراو.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سامانە سروشتییەکانی هەرێم ٢٠٠ لیتر نەوتی سپی بە بڕی ١٠٤ ھەزار دینار بەسەر ھاوڵاتییاندا دابەشدەکات.