سبەی دوای تەواوبوونی دەنگدانی تایبەت دەنگەکان جیادەکرێنەوە

‌فۆتۆ: ئەرشیف

سبەی هەینی ١٨ ی تشرینی یەکەم لە کاتژمێر ٧ ی بەیانییەوە دەنگدانی تایبەت دەستپێدەکات و ٢١٥ هەزار بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و لە کاتژمێر ٦ ی ئێوارەدا سندوقەکان دادەخرێن و، جیاکردنەوەی دەنگدەکان بە ئەلکترۆن و دەستی ئەنجام دەدرێت. 

لە دەنگدانی تایبەت دا زیاتر لە 215 هەزار کەس مافی دەنگدانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا هەیە کە دەکاتە 7.4٪ی کۆی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان. زۆرترین دەنگدەری تایبەت لە بازنەی هەولێرە و کەمترینیشی لە بازنەی هەڵەبجەیە. 
 
سبەی هەینی ١٨ ی تشرینی یەکەمی 2024، تەنها دەنگدان لە بنکەکانی هەرێم ئەنجام نادرێتم بەڵکو لە چەند پارێزگایەکی عێراق، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە کە ژمارەی گشتی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان، ٢ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٨٧٨ دەنگدەرن، لەو ژمارەیەش، ٢١٥ هەزار و ٩٦٠ یان دەنگدەری تایبەتن کە دەکاتە ٧،٤% سەرجەم دەنگدەران.   
 
لە پارێزگای هەولێر ٨٩ هەزار و ٧٩١ دەنگدەری تایبەتن، لە بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی ٧٨ هەزار و٦٦١ دەنگدەری تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە،هەرچی بازنەی هەڵبژاردنی دهۆکە، ٤٦ هەزار و ٥٥٦ دەنگدەری تایبەتی تێدایە.
 
لە بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجە، ٩٥٢ کەس مافی دەنگدانی لە هەڵبژاردنی تایبەت هەیە.

هەروەها هەندێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان، ئەرکەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە و بۆ کارئاسانی ئەو هێزە ئەمنیانە، کۆمیسیۆن ١٢ بنکەی لە شارەکانی عێراق کردووەتەوە کە چواریان لە پارێزگای نەینەوایە، سیانیان لە پارێزگای بەغدایە. هەریەک لە پارێزگاکانی کەرکووک، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و واست، بنکەیەکیان تێدا دانراوە.
 
 




PM:09:47:17/10/2024