بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ پەرلەمانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان لە هەموو کوردستان هاتنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٨ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ کاتژمێر ٧ی بەیانی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان هاتنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
کۆی گشتیی دەنگدەرانی تایبەت ٢١٥ هەزار و ٩٦٠ کەسن کە دەکاتە رێژەی ٧.٤٪ـی کۆی دەنگدەران.
لە پارێزگای هەولێر ٨٩ هەزار و ٧٩١ دەنگدەری تایبەتن، لە بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی ٧٨ هەزار و٦٦١ دەنگدەری تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە،هەرچی بازنەی هەڵبژاردنی دهۆکە، ٤٦ هەزار و ٥٥٦ دەنگدەری تایبەتی تێدایە.
لە بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجە، ٩٥٢ کەس مافی دەنگدانی لە هەڵبژاردنی تایبەت هەیە.
هەروەها هەندێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان، ئەرکەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە و بۆ کارئاسانی ئەو هێزە ئەمنیانە، کۆمیسیۆن ١٢ بنکەی لە شارەکانی عێراق کردووەتەوە کە چواریان لە پارێزگای نەینەوایە، سیانیان لە پارێزگای بەغدایە. هەریەک لە پارێزگاکانی کەرکووک، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و واست، بنکەیەکیان تێدا دانراوە.
له پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بنکەکانی دەنگدان دابەشی سەر ١٦٥ بنکە و ٧٤٩ وێستگە کراون و ١٢ بنکەش لە شارەکانی دیکەی عێراق کراونەتەوە.
بۆ یەکەمجاریش لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەنگدەران دەتوانن دەنگ بدەن، جگە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە هەشت پارێزگای دیکەش دەنگدەرانی تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن.
بنکەکانی دەنگدان:
بازنەی هەولێر: ٦٢ بنکە
بازنەی سلێمانی: ٥٧ بنکە
بازنەی دهــــــۆک: ٣٣ بنکە
بازنەی هەڵەبجە: یەک بنکە
نەینەوا: چوار بنکە
بەغدا: سێ بنکە
کەرکووک: یەک بنکە
ئەنبار: یەک بنکە
سەڵاحەددین: یەک بنکە
دیالە: یەک بنکە
واست: یەک بنکە