کۆمیسیۆن دوو راپۆرتی لەبارەی رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران بڵاودەکاتەوە

سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای کرد کە کۆمیسیۆن لە هەردووک رۆژی دەنگداندا، دوو راپۆرتی لەبارەی رێژەی بەشداربووەان بڵاودەکاتەوە.

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی لەگەڵ میدیای پارتی راگەیاند" لەهەر یەک لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوو راپۆرتیان لەبارەی رێژەی بەشداری دەنگدان دەبێت، یەکێکیان کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ وەک راپۆرتی نیوەی رۆژ بڵاو دەکرێتەوە و ئەوی دیکەیان دوای کۆتاییهاتنی دەنگدان بڵاودەکرێتەوە".
  
عیماد جەمیل وتی"تۆمارکردنی رێژەی بەشداری دەنگدان لە رێگەی سندووقی ئەلیکترۆنی دەنگدان هەژمار دەکرێن و لە رێگەی نووسینگەکانەوە دەنێردرێت بۆ نووسینگەی سەرەکی کۆمیسیۆن لە بەغدا".

کۆی گشتیی دەنگدەرانی تایبەت ٢١٥ هەزار و ٩٦٠ کەسن کە دەکاتە رێژەی ٧.٤٪ـی کۆی دەنگدەران. 

لە پارێزگای هەولێر ٨٩ هەزار و ٧٩١ دەنگدەری تایبەتن، لە بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی ٧٨ هەزار و٦٦١ دەنگدەری تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە،هەرچی بازنەی هەڵبژاردنی دهۆکە، ٤٦ هەزار و ٥٥٦ دەنگدەری تایبەتی تێدایە.
 
لە بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجە، ٩٥٢ کەس مافی دەنگدانی لە هەڵبژاردنی تایبەت هەیە.

هەروەها هەندێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان، ئەرکەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە و بۆ کارئاسانی ئەو هێزە ئەمنیانە، کۆمیسیۆن ١٢ بنکەی لە شارەکانی عێراق کردووەتەوە کە چواریان لە پارێزگای نەینەوایە، سیانیان لە پارێزگای بەغدایە. هەریەک لە پارێزگاکانی کەرکووک، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و واست، بنکەیەکیان تێدا دانراوە.

له‌ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بنکەکانی دەنگدان دابەشی سەر ١٦٥ بنکە و ٧٤٩ وێستگە کراون و ١٢ بنکەش لە شارەکانی دیکەی عێراق کراونەتەوە.

بۆ یەکەمجاریش لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەنگدەران دەتوانن دەنگ بدەن، جگە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە هەشت پارێزگای دیکەش دەنگدەرانی تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن.







AM:09:22:18/10/2024