سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای دەکات کە پرۆسەی هەڵبژاردن تائێستا زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و ئەو ئامێرانەی لە پرۆسەی دەنگدان بەكاردەهێنرێن، رێگە لە ئەنجامدانی هەر كارێكی ساختەكاری دەگرن.
ئەمڕۆ هەینی، ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی لە هەولێر رایگەیاند"پڕۆسەی دەنگدان لەکاتی خۆیدا دەستیپێکرد، ١٦٥ بنکەی دەنگدانی تایبەت هەیە ١٢ بنکەیان لە پارێزگاکانی عێراقە، پڕۆسەکە بەباشی بەڕێوەدەچێت و رێژەی ساختەکاری سفرە، داوادەکەین دەنگدەران پشوو درێژبن و پەلە نەکەن بۆ ئەوەی قەرەباڵخی دروست نەبێت".
سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان وتیشی"ئێمە پەیوەندیمان کردووە، مۆبایل بردنە ژوورەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە کە باس لە بردنە ژوورەوەی مۆبایل لەلایەن دەنگدەرانەوە دەکەن، ئەو گرژیەش کە لە هەڵەبجە دروستبوو گوایە رێگری لە بریکاری لایەنێکی سیاسیی کراوە، ئێمە ئاگادارین کە ئەو بریکارە مۆبایلی لەگەڵ خۆی بردووەتە ژوورەوە لەبەر ئەوە رێگری لێکراوە و کردوویانەتە دەرەوەی بنکەکە".
کۆی گشتیی دەنگدەرانی تایبەت ٢١٥ هەزار و ٩٦٠ کەسن کە دەکاتە رێژەی ٧.٤٪ـی کۆی دەنگدەران.
لە پارێزگای هەولێر ٨٩ هەزار و ٧٩١ دەنگدەری تایبەتن، لە بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی ٧٨ هەزار و٦٦١ دەنگدەری تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە،هەرچی بازنەی هەڵبژاردنی دهۆکە، ٤٦ هەزار و ٥٥٦ دەنگدەری تایبەتی تێدایە.
لە بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجە، ٩٥٢ کەس مافی دەنگدانی لە هەڵبژاردنی تایبەت هەیە.
هەروەها هەندێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان، ئەرکەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە و بۆ کارئاسانی ئەو هێزە ئەمنیانە، کۆمیسیۆن ١٢ بنکەی لە شارەکانی عێراق کردووەتەوە کە چواریان لە پارێزگای نەینەوایە، سیانیان لە پارێزگای بەغدایە. هەریەک لە پارێزگاکانی کەرکووک، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و واست، بنکەیەکیان تێدا دانراوە.
له پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بنکەکانی دەنگدان دابەشی سەر ١٦٥ بنکە و ٧٤٩ وێستگە کراون و ١٢ بنکەش لە شارەکانی دیکەی عێراق کراونەتەوە.
بۆ یەکەمجاریش لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەنگدەران دەتوانن دەنگ بدەن، جگە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە هەشت پارێزگای دیکەش دەنگدەرانی تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن.